نوێترین زانیاریی لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا
"هەردوولا لە رێککەوتن نزیکن"
K24 – ههولێر:
پاش کاتژمێرێکی دیکە شاندێکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا و لەسەر چەند پرسێک بەتایبەت نەوت گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەکات. نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، دواین زانیارییەکان بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند: "شاندەکە بۆ تەواو کردنی دانوستانەکان لەبارەی بودجە دێنە عێراق. لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتوون".
راشیگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11، شاندەکە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆببنەوە و باس لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 بکەن".
ئاماژەی بەوەشدا، کێشەکانی پێشتر کە لەبارەی بودجە و مووچە هەبوون، بە نزیکەیی چارەسەربوون و دەست بۆ مووچەی خەڵک نابرێت و بۆ ئێمە ئەوە هێڵی سوورە. لێکتێگیشتنی باشیش هەیە لەبارەی پرسی رادەستکردنی نەوت.
H.J