لەبارەی گرفتی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان روونكردنەوە دەدرێت

"چاوەڕێ دەكرێت لە 6 كاتژمێردا گرفتەكە چارەسەر بكرێت"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كارەبای ھەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای دەكات، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لەناكاو لەبۆری غازی كۆرمۆر، ناردنی غازی سروشتی بۆ تەواویی وێستگە غازییەكانی هەولێر و سلێمانی و بازیان راوەستا، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا سەرقاڵی چاككردنی گرفتەكەن.

لە راگەیەندراوێكدا كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم دەڵێ: "كاتژمێر 7:54 خولەكی ئەم بەیانی ئەمڕۆ 23ی تشرینی دووەم بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لەناكاو لە بۆری غازی كۆرمۆر؛ ناردنی غازی سروشتی بۆ تەواویی وێستگە غازییەكانی هەولێر و سلێمانی و بازیان راوەستا، بەمەش بەرهەمهێنانی بڕی 500 مێگاوات كارەبا كەم بووەتەوەو كاریگەریی توندی كردە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی".

لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "لە ئێستادا هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز سەرقاڵی چارەسەركردنی گرفتەكەن تاوەكو كوژانەوەی گشتی روونەدات و چارەسەری گرفتەكە بكرێت، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەباش سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكەن بۆ ئەوەی كارەبا بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام بێت، وا چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی 6 كاتژمێری داهاتوودا دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".

ھ.م