"دۆخی كاره‌با ئاسایی ده‌بێته‌وه‌"

گرفته‌ ته‌كنیكییه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌

K24 - هه‌‌ولێر:

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كێشەی دانه‌ غاز چارەسەركراو دۆخی كارەباش ئاسایی بووه‌وه‌.

راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كاره‌با، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاوبه‌شانی كاره‌با ئاگادارده‌كاته‌وه‌، 90%ی كێشه‌ی كۆمپانیای دانه‌غازیان چاره‌سه‌ر كردووه‌ و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باش گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ 2 هه‌زار و 928 مێگاوات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با، ئاماژه‌ به‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێشوویان كراوه‌، كه‌ ده‌ڵێت: "هەروەكو چۆن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ راستەوخۆ لەكاتی روودانی گرفتە تەكنیكیەكەی كۆمپانیای دانه‌ غازو راوەستانی غاز بۆ وێستگەكانی غازی هەولێر و سلێمانی و بازیان رامانگەیاندبوو كە تا 6 كاتژمێری دیكە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان چارەسەری كێشەی كۆمپانیای داناغاز دەكرێت و رەوشەكە ئاسایی دەكەینەوە، ئێستاكە كێشەی كۆمپانیای دانه‌غاز لە 90%ی ئاسایی بووەتەوەو بەرهەمی كارەبا گەیشتەوە 2928 مێگاوات".

ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات، وەزارەتی كارەبای هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەهەماهەنگی تیمەكانی كۆمپانیای دانه‌غاز توانییان چارەسەری ئەو گرفتە تەكنیكیە بكەن كە بەهۆیەوە پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبای هەولێر و سلێمانی و بازیان راوەستابوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ش، به‌هۆی ئه‌و گرفته‌ 500 مێگاوات كارەبای نیشتمانی كه‌مببۆه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئاسایی بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتی كەوتنەوەی گرفتەكە وەزارەتی كارەبا راستەوخۆ لەلایەن كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی سیستەم و كۆنترۆڵكردنی كارەبای هەرێم و وێستگەكان كرا و رێگا نەدرا كوژانەوەی گشتی رووبدات و كێشەكەیان چارەسەركرد.