پێنس: پەیوەندی ئەمەریکا و گەلی کورد لە ناو ئاگری جەنگەکان دروست بووە

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: بە ناوی سەرۆکی ئەمەریکا دووپات لە پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ کورد دەکەینەوە

K24 – هه‌ولێر:

دوای سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، دووپاتمان لە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و کوردەکان کردەوە کە لەناو ئاگری جەنگەکان دروستبووە.

پێنس هاوڕێ لەگەڵ خێزانەکەی، خانمی دووەمی ئەمەریکا، لە سەردانەکەی تەنها لە دوو شوێن وەستا، سەرەتا سەردانی سەربازانی ئەمەریکای لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە باکووری رۆژئاوای بەغدا کرد، لەوێش لە رێگای تەلەفۆن پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

دواتر، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی  هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە تویتەکەی پێنس نووسیویەتی: "بە ناوی سەرۆک ترەمپ دووپاتمان لە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ئەمەریکا و گەلی کورد کردەوە کە لەناو ئاگری جەنگەکان دروستبووە".

بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەشێک لە سیاسی و سیناتۆرانی ئەمەریکا رەخنەی ئەوەیان لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا گرت، پشتی لە کورد لە ناوچەکە کردووە، بەڵام پێنس لە سەردانەکەی دڵنیایی دایە سەرکردایەتی کورد.