مەسرور بارزانی: گرنگییەکی زۆر بە قەڵای هەولێر دەدەین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بەسەر دەکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاگاداربوون لە قۆناغەکانی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی، قەڵای هەولێری بەسەر کردەوە.

لەلایەن سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەکە، وردەکاری نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر خرایەڕوو و مەترسی و ئاستەنگەکانیش ئاشکرا کران.

تیمی سەرپەرشتیار پلانی خۆیان بۆ داهاتووی قەڵای هەولێر خستەڕوو و باسیشیان لە چۆنیەتی هێنانی گەشتیاری زیاتر بۆ قەڵاکە کرد.

لە میانی سەردانەکەی مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەت گرنگیەکی زۆر بە قەڵای هەولێر دەدات و بە شوێنەوارێکی مێژووی گرنگ وەسفیکرد.

راشیگەیاند، قەڵای هەولێر کۆنترینە شوێنە کە ژیانی تێدا مابێت و دەبێت هەوڵبدرێت ئەو تایبەتمەندییەی قەڵای هەولێر بپارێزرێت و ژیان تێدا بەردەوام بێت.

سەرۆکی حکوومەت لە بارەی زانستیانە نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە و رەچاوکردنی پاراستنی شووناسی قەڵاکە پرسیاری کرد و هەروەها لە هەنگاونان بۆ ئاسانکردنی هاتنی گەشتیارانی کۆڵیەوە.

داواشیکرد، بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی گەشتیاران، سوود لە ئامرازی کارەبایی وەربگیرێت بەوەی ئێستا قەڵای هەولێر ناوی لە ریزبەندی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونیسکۆ تۆمارکراوە.

قەڵای هەولێر یەکێکە لە دێرینترین قەڵاکانی جیهان، دەكەوێتە ناو جەرگەی شاری هەولێر و ئەم قەڵایە 25 مەتر بەرزە لە رووی زەوی،  بەرزییەکشی لە سەر ئاستی رووی دەریا 431 مەترە. رووبەڕەکەی 110 هەزار مەتر دووجایە و مێژووی بیناسازی كردنی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زاین.

 خانووەكانی قەڵای هەولێر لە 506 خانوو کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرای، تۆپخانە و تەكیە  پێکهاتووە.

H.J