نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى ئەمەریکى کرد
هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق
K24 – ههولێر:
سهرۆكی ههرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە، کە هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق و رایگەیاند، دۆخى عێراق و خۆپیشاندان و رووداوەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت، هەروەها هاوکاریى ئەمەریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە پێویست زانى.
لە کۆبوونەوەیهکدا لەگەڵ رۆبەرت کارەم، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى لە سێناتى ئەمەریکى و شاندى یاوەرى، ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان دەیەوێت هەموو کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق لە رێگەى دیالۆگ و لێکگەیشتن لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق ئامادەى بوو، هەردوولا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و چۆنیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیى عێراق بە ئارامى و سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى و تێگەیشتنى دروست لە داوا رەواکانى خۆپیشاندەران و خۆدوورگرتن لە توندوتیژى کردەوە.
دۆخ و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و چۆنیەتیى رووبەڕووبوونەوەى، رەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان، هەروەها چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوون.
