سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە

سبەی شاندەکە بۆ درێژەدانی گفتوگۆکان دەچێتەوە بەغدا

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا،  تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020 کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی خستەڕوو. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا قوناغێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.

شاندەکە ئەو پرنسیپانەی خستەڕوو، کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵالەبوون و دەبنە بنەمایەك بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020، بە جۆرێك کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.

شاندەکە دووپاتی کردەوە، پرۆسەی گفتوگۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر بابەتەکانی جێی گفتوگۆ و، سبەی دووشەممە 25/11/2019 بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.

H.B