ئەندامانی ئۆپێک لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان رێکدەکەون
ئەو هەوڵە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بازاڕە
K24 – ههولێر:
ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکانیان لە ڤیەننا لەسەر کەمکردنەوەی 40% ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتن، بە گوتەی بەشداربوان ئەو هەوڵە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بازاڕە.
رێکخراوەکە و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی رووسیا، رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە، کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە تا مانگی ئادار کاری پێدەکرێت، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەدا کە دوای چارەکی یەکەمی 2020 درێژە بە رێککەوتنەکە دەدەن یاخود نا.
بەوەش کۆی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ ملیۆنێک و 700 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرزدەکەنەوە، کە دەکاتە 1.7% کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی.
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی وزاری ئەندامانی ئۆپێک و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە گووتی، "ناتوانین بڵێین بەر لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک گەیشتبینیە رێککەوت"، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، "رۆژی هەینی گوێبستی هەواڵی گرنگ دەبن".
هەر دوای کۆبوونەوەکان بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، " لەگەڵ ئەندامانی ئۆپێک گەیشتووەنەتە رێککەوتن''.
رۆژی پێنجشەممە، ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک لە ڤیەننا کۆبوونەوە، و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە بە سەرۆکایەتی کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە کۆببنەوە و تاوتوێی دۆخی بازاڕ و گەشەی ئابووری جیهان بکەن.
لە ساڵی 2017 رێکخراوی ئۆپێک بەردەوامە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهینانی نەوت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی زیادەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بێت و پیشەسازییەکەی لە گەشانەوەیە و بەوەش بڕێکی زۆری نەوت بەرهەمدەهێنێت.
جگە لەمەش زیادە خستنەڕووی نەوت لە لایەن وڵاتانی دیکەی وەک بەرازیل و نەرویج هەڕەشەن بۆ سەر هەوڵەکانی ئۆپێک بۆ سەقامگیری بازاڕێ نەوت.