سوپای پاسداران: مووشه‌كه‌كانمان ئێستا زۆر وردتر ئامانجه‌كان ده‌پێكن
"به‌م مووشه‌كانه ژوورێكی كۆبوونه‌وه‌ی داعشمان به وردی پێكاوه"
K24 - هه‌ولێر:
لیوا محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری، فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران رایده‌گه‌یه‌نێت "ئێستا مووشه‌كه‌كانی ئێران له دووری زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر ئامانجه‌كانییان زۆر به وردی ده‌پێكن".
جه‌عفه‌ری دووپات له به‌هێزی سیسته‌می مووشه‌كی وڵاته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو دنیا ده‌زانێت ئێستا ره‌وشی ئێران له بواری به‌رگری و ئاسایش زۆر باشه.
ده‌شڵێت: "مووشه‌كه مامناوه‌نده‌كان ئێستا زۆر به وردی ئامانج ده‌پێكن، ساڵی رابردوو توانیمان ژوورێكی كۆبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له رۆژهه‌ڵاتی فورات بپێكین، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی كۆششی لاوه‌كانمانه".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه، كه به‌هۆی په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌ی ناووكی، ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر تاران‌دا سه‌پاندووه و رێككه‌وتنی ناووكیشی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، كه له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما، له ته‌ممووزی 2015دا له‌نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆكرا.
ئ. م