شامارانی کەنەدی بەردەوامە لە پەرەپێدانی کێڵگەی ئەتروش
ئاستی بەرهەمهێنان بۆ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرزدەکاتەوە
K24 - ھەولێر
کۆمپانیای شامارانی کەنەدی رایگەیاند، بەردەوامن لە پەرەپێدانی کێڵگەی ئەتروش لە هەرێمی کوردستان و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە بەرزبوونەوەدایە.
کۆمپانیاکە روونیكردووەتەوە، بەرزبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان دوای تەواو بوونی کارەکانی بیری سی کەی 15 دێت، کە چوارەم بیرە و لەم ساڵدا هەڵکەندراوە، 10ی ئەم مانگەش بە تۆڕی ئینتەرنێت بەستراوە، کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی زیاترە لە 6 هەزار بەرمیل رۆژانە، هەروەها بە تێکڕای ساڵانە ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی ئەتروش بەراورد بە ساڵی 2018 رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شاماران رایگەیاند، هەڵکەندنی بیرەکان سەرکەوتوو بووە و ئاستی بەرهەمهێنانیش زیادیکردووە، بە جۆرێک ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە دەگاتە 50 هەزار بەرمیل نەوت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەتروش لەمساڵدا لە نێوان 30 بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانە، ئامانجی کۆمپانیاکە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە بۆ 45 بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە.
ھ.م