پسپۆڕێكی كورد گورچیله‌ی ده‌ستكردی زیره‌كی داهێنا
ژیانی ملیۆنان كه‌س رزگار ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندازیاری پزیشكی و پسپۆڕی كورد "رزگار فاتحی کرجو"، خه‌ڵكی پارێزگای "سنه"ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ئه‌ڵمانیا سه‌رقاڵی داهێنانه نوێیه‌كه‌یه‌تی، كه له رێگه‌یه‌وه ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی تووشبوو به نه‌خۆشی له‌كاركه‌وتنی گورچیله رزگار ده‌كات.
رزگار له‌دایكبووی (1981) له لێدوانێكدا بۆ سایتی "كوردستان24"، له رێی ته‌له‌فۆنه‌وه، رایگه‌یاند، "له تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌و داهێنانه سه‌ركه‌وتوو بووین. له هه‌وڵداین به هاوكاری دوو به‌شی پزیشكی زانكۆكانی ئه‌ڵمانیا، بۆ یه‌كه‌مجار داهێنانه‌كه بخه‌ینه خزمه‌ت مرۆڤایه‌تی".
ئه‌ندازیاری پزیشكی رزگار گوتیشی: "له رێی ئه‌و داهێنانه پزیشكییه‌وه، چیدیكه ئه‌و كه‌سانه‌ی به ده‌ست كێشه‌كانی گورچیله‌وه ده‌ناڵێنن و گورچیله‌یان له‌كار كه‌وتووه، پێویستیان به‌وه نابێت، له كه‌سانی نزیكی خۆیان گورچیله‌یان بۆ بگوازرێته‌وه. ئه‌و داهێنانه نوێیه به سیستمێكی زیره‌ك هه‌مان كاری گورچیله ده‌كات. كه‌سانێك گورچیله‌یان له‌كاركه‌وتووه، بۆ هه‌میشه ئومێدی ژیانیان پێ ده‌به‌خشێت".
ئه‌و شاره‌زا كورده دانیشتوی ویلایەتی "ھێسێن"ـه لە ئه‌ڵمانیا و ماوەی (یەک) ساڵ و (پێنج) مانگ سه‌رقاڵی توێژینه‌وه بووه بۆ داهێنانه پزیشكییه‌كه‌ی.
ناوبراو ماوه‌ی (3) ساڵه له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێ بووه، دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، "به هۆكاری سیاسی" زێدی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌جێهێشتووه.
له ئێستاشدا ئه‌ندازیاری پزیشكی رزگار فاتحی له هه‌وڵدایه له‌گه‌ڵ به‌شی پزیشكی زانكۆكانی "كۆڵن" و "فرانكفۆرت" بگاته ئه‌نجامێك بۆ پێشخستنی داهێنانه‌كه‌ی و تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی له باره‌یه‌وه.
.jpg)

