لادانی تره‌مپ چۆن ده‌بێت و ده‌گاته كوێ؟
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی داوه و ئه‌مه‌ریكا و جیهان چاوه‌ڕێی دواقسه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانه
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، 45همین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و درووستكردنی گرفت له‌به‌رده‌م كاره‌كانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تبار كراوه، بۆ ئه‌وه‌ش دیموكراته‌كان له هه‌وڵی جددیدان بۆ لادانی له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا.
له مێژووی ئه‌مه‌ریكادا ئه‌وه هه‌وڵی چواره‌م و جاری سێیه‌مه، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌و وڵاته، ده‌نگ له‌سه‌ر لادانی سه‌رۆك كۆمار بدرێت، پێشتر هه‌ریه‌ك له ریچارد نیكسن و بێل كلینتن، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه.
گرفتی تره‌مپ
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، كه دیموكراته‌كانی ئه‌و وڵاته زۆرینه‌یان كۆنتڕۆڵ كردووه و نانسی پیلۆسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه، ده‌نگیان له‌سه‌ر لادانی تره‌مپ داوه، ئێستا پێویسته ئه‌نجومه‌نی پیرانیش به هه‌مان شێوه ده‌نگ بدات، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پیران كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن و ئه‌گه‌ره‌كان بۆ لادانی تره‌مپ لاوازه.
كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له دووبه‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران 435 كورسی و ئه‌نجومه‌نی پیران 100 كورسییه.
مێژووی لادانی سه‌رۆك
له ساڵی 1972، دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ریچارد نیكسنی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكایان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی له كه‌یسی وهتهرگهیت تێوه‌گلاوه، كاتێك له رێگه‌ی رۆژنامه واشنتن پۆسته‌وه به‌ڵگه‌ی سیخوڕیكردن به‌سه‌ر تیمی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی دیموكراته‌كان بڵاوكرایه‌وه.
له‌سه‌ر ئه‌و پرسه نیكسن 37همین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له پۆسته‌كه‌ی لادرا، دواتریش جرالد فۆردی جێگری، له پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌كاربوو.
بۆ جاری دووه‌م كۆنگریس، ده‌نگی له‌سه‌ر لادانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دا، ئه‌ویش له ساڵی 1998 بوو له‌گه‌ڵ بیل كلینتۆن، 42ـه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندی سێكسی له‌گه‌ڵ مۆنیكا لوینسكی له پۆسته‌كه‌ی لادرا، به‌ڵام دواتر بڕیاردا له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه، تا ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی خۆی ته‌واو ده‌كات، كه له پشكی دیموكراته‌كان له پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو.
به گوێره‌ی راپۆرتی كۆنگرێس له‌و كاته‌دا، لادانه‌كه‌ی به‌هۆی په‌یوه‌ندی سێكسییه‌كه نه‌بووه له‌گه‌ڵ مۆنیكا، به‌ڵكو به‌هۆی شكاندنی سوێندی یاسایی بووه كه له‌به‌رده‌م كۆنگرێس "درۆ" نه‌كات، به‌ڵام كلینتن ئه‌و كات دوای سوێندخواردن گوتی: "هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نائاسایی له‌نێوان من و مۆنیكا نه‌بووه"، كه‌چی دواتر سه‌لمێنرا ئه‌و په‌یوه‌ندییه هه‌بووه.

كێشه‌ی تره‌مپ
دۆناڵد تره‌مپ پێشتر هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی بۆ ئۆكرانیا راگرت، دواتریش به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 2020ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا هاوكاری بكات، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كۆمپانیای كوڕی ركابه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی، كه جۆزیف بایدنی دیموكراته‌كانه.
دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنه‌كه، مایكل ئهتكینسن، پشكنه‌ری گشتی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، سكاڵایه‌كی پێگه‌یشت، له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باس له‌وه كراوه، تره‌مپ داوای له سه‌رۆكی ئۆكرانیا كردووه ده‌ستێوه‌ردان له هه‌ڵبژاردنی 2020ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بكات، له هه‌مان كاتدا كۆشكی سپیش هه‌وڵیداوه نهێنییه‌كان بشارێته‌وه.
دواتریش ئهتكینسن، ناوه‌ڕۆكی سكاڵاكه‌ی بۆ جۆزیف ماگوایه‌ر، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا ناردووه، لێره‌دا كێشه‌كه له تره‌مپ ئاڵۆز ده‌بێت.
به گوێره‌ی یاسای ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی، ده‌بێت سه‌رۆكی ده‌زگا ناوه‌ڕۆكی سكاڵاكه بۆ كۆنگرێس ره‌وانه بكات، به‌ڵام ماگوایه‌ر سكاڵاكه بۆ كۆنگرێس نانێرێت و له وه‌ڵامی ئهتكینسندا ده‌ڵێت: "ئه‌و پرسه په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه هه‌یه، به‌هۆی به‌كارهێنانی له كێشه‌ی ناوخۆ و پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كان به ئاسایشی نیشتمانی، نابێت سكاڵاكه و ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاتانی بیانی بۆ رای گشتی بڵاوبكرێته‌وه".
له بری كۆنگرێس، ماگوایه‌ر سكاڵاكه ره‌وانه‌ی كۆشكی سپی ده‌كات و داوا ده‌كات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه، رێنمایی پێویستی بۆ بنێرن.
دوای ئه‌وه‌ی كۆنگرێس ئاگاداری پرسێكی له‌و جۆره ده‌بێت، لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ماگوایه‌ر ده‌كات، به‌ڵام ماگوایه‌ر له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "پێشتر رووداوی له‌و جۆره نه‌بووه، بۆیه نه‌كراوه بۆ هیچ لایه‌كی ره‌وانه بكه‌م". دواتر به ناچاری ناوه‌ڕۆكی سكاڵاكه له‌لایه‌ن ماگوایه‌ره‌وه بۆ وه‌زاره‌تی داد ره‌وانه ده‌كرێت.
به‌ر له‌وه‌ی وه‌زاره‌تی داد هیچ هه‌نگاوێك بگرێته به‌ر، جۆزیف ئهتكینسن لای خۆیه‌وه كۆنگرێس ئاگادار ده‌كاته‌وه، له رێگه‌ی میدیاكانیش به‌شێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی له سكاڵاكه‌دا خراونه‌ته پاڵ تره‌مپ بڵاوده‌بنه‌وه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه زۆر باش و نموونه‌یی بوو".

كۆنگرێس و لێكۆڵینه‌وه
دوای زه‌قبوونه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان له میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، به سه‌رۆكایه‌تی نانسی پیلۆسی ده‌ستی به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و لێكۆڵینه‌وه له تره‌مپ و لادانی له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌ستپێكرد.
پیلۆسی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "پێویسته لێكۆڵینه‌وه له سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بكرێت، هیچ كه‌س له سه‌رووی یاساوه نییه".
رۆژێك دوای لێدوانه‌كه‌ی پیلۆسی، كۆشكی سپی، "پۆلێنكاری نهێنی" له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی سكاڵاكه هه‌ڵگرت و كۆپییه‌كی نزیك له گفتوگۆی راسته‌قینه‌ی نێوان تره‌مپ و سه‌رۆكی ئۆكرانیا ره‌وانه‌ی كۆنگرێس كرد.
سه‌ره‌تا كۆنگرێس بانگهێشتی به‌رپرسانی كۆشكی سپی كرد، كهمایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، مارك ئێسپه‌ر وه‌زیری به‌رگری و به‌رپرسێكی دیكه‌ی لاوه‌كی ئیداره‌ی تره‌مپ بوو به‌ناوی گۆردن سۆنلاند، له‌وێ به راشكاوی پێیان راگه‌یه‌ندرا، له ئه‌گه‌ری هه‌ر ده‌ستكاریكردنێكی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی ئۆكرانیا، رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه ده‌بنه‌وه.
له وه‌ڵامی ئه‌و هه‌نگاوه‌دا، كۆشكی سپی رایگه‌یاند، ئه‌و كارانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، پێچه‌وانه‌ی مافه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه له‌و حاڵه‌تانه و پێشێلكردنی ده‌ستووره.

گوێگرتن له به‌رپرسانی كۆشكی سپی
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌بێ گوێدان به لێدوانه‌كانی تره‌مپ، بڕیاریدا شێوازی فه‌رمی بداته لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌و كه‌یسه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپێكرد و زنجیره‌یه‌ك دانیشتنی بۆ گوێگرتن له به‌رپرسانی كۆشكی سپی ئه‌نجامدا.
جێنیفه‌ر ویلیامسن، یاریده‌ده‌ری جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، له به‌شێكی قسه‌كانی له‌به‌رده‌م كۆنگرێس گوتی: "به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیم بینی كه له 25ی ته‌ممووزی 2019، له نێوان سه‌رۆك تره‌مپ و سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌نجامدراوه، به پێچه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی دیكه‌ی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاتانی بیانی بوو و شتێكی نائاسایی بوو، له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وت كه گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسێكی سیاسی ناوخۆیی ده‌كه‌ن".
ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ، له‌به‌رده‌م كۆنگرێسی ئه‌و وڵاته دانپێدانانیان له باره‌ی نائاساییبوونی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان تره‌مپ و زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا داناوه، به‌ڵام هێشتا پرسه‌كه یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه كه ئایا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له پۆسته‌كه‌ی لاده‌درێت یان نا.
به گوێره‌ی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكا، ده‌كرێت سه‌رۆكی وڵات له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره له پۆسته‌كه‌ی لابدرێت، به‌ڵام ده‌ستوور ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی روون نه‌كردووه‌ته‌وه چی ده‌گرێته‌وه. ئێستاش پرسه‌كه بۆ كۆنگرێس و به‌تایبه‌تتریش ئه‌نجومه‌نی پیران جێهڵدراوه كه قسه‌ی كۆتایی ده‌كات.
ئه‌نجومه‌نی پیران.. خاوه‌نی دواقسه
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، لێژنه‌ی داداوه‌ری له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوو راپۆرتی داوه‌ته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه تێیدا تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره ده‌خاته پاڵ تره‌مپ.
دواجار نانسی پیلۆسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران گوتی: "به‌داخه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتی نابهپرسیارانهی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا وایكردووه له لادانی له پۆسته‌كه‌ی په‌له‌بكه‌ین و هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه".
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌وه داوه كه تره‌مپ ده‌سه‌ڵاتی خراپ به‌كارهێناوه و گرفتی بۆ كاره‌كانی كۆنگرێس درووستكردووه.
ئێستاش ئه‌نجومه‌نی پیران خاوه‌ن دوا قسه‌یه، بۆ تۆمه‌تباركردن و لابردنی تره‌مپ له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، پێویسته دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌نجومه‌نه‌كه له دژی تره‌مپ ده‌نگ بدات، به‌ڵام ئه‌وه كه‌مێك چاوه‌ڕواننه‌كراوه، چونكه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كۆمارییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پیران زۆرینه‌ن.
سه‌راوه: CNN
ئ. م