پوتن: ئابووری یەکێتی سۆڤیەت پەیڕەو ناكهین
لە دوو دەیەی رابردوو ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی بەهێز دابمەزرێنێت
K24 – ههولێر:
ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، رووسیای هاوچەرخ لەو سەردەمە ناژیت، کە یەکێتی سۆڤیەت بۆی جێهێشتووە، بەڵکو توانیوویەتی لە دوو دەیەی رابردوو ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی بەهێز دابمەزرێنێت.
لە میانی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ساڵانەیدا سەرۆکی رووسیا گووتی: ئەو کەسە بە هەڵەدا چووە، کە پێی وایە تا ئێستا لەو سەردەمەدا دەژین کە یەکێتی سۆڤیەت بۆی جێهێشتووین، بەڵکو لە دوای سۆڤیەت چەندین پڕۆژەی گەورەی ئابووری دروستکراون، ئاماژەی بەوەدا 75 لە سەدای وزەکانی پیشەسازی لە دوای ساڵی 2000 دامەزراون.
هاوکات گووتیشی: سێ فڕۆکەخانەی نوێ و 12 وێستگەی شەمەندەفەر دامەزراون، لە دوو دەیەی رابردوودا رێگەکانی رووسیای فیدڕاڵی لە 39 ههزار کیلۆمەترەوە بۆ 80 ههزار کیلۆمەتر درێژکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک کۆمەڵگە لە کەرتی گاز و وزە دروستکراون.
لە لایەکی دیکەوە پوتن ئاماژەی بەوەدا، لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت گەنم هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا رووسیا لە کەنەدا و ئەمریکا زیاتر گەنم هەناردە دەکات.
پوتن گووتیشی: لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە شانازی بە دەستکەوتەکانی یەکێتی سۆڤیەت بکەین بە تایبەت سەرکەوتن لە جەنگی نیشتمانی گەورە و گەیشتن بۆ بۆشایی ئاسمان.