بلوومبێرگ: لیرەی تورکی خراپترین دراوه
ئەمساڵ نزیکەی 10 لە سەدا بەهاکەی لە دەستدا
K24 – ههولێر:
ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاند، لیرەی تورکی خراپترین ئەدای لە بازاڕی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان تۆمارکردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەداوە، تورکیا قەبارەی دراوە بیانییەکانی بۆ بانکە ناوخۆییەکان دیارکردووە بۆ ئەوەی بە لیرەی تورکی بگۆڕنەوە، بڕیار بەدەستانی وڵاتەکەش بەردەوام لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی دابەزینەکان لە بەهای لیرە سنووردار بکەن.
بەڵام لیرەی تورکی، ئەمساڵ نزیکەی 10 لە سەدا بەهاکەی لە دەستدا، کە هۆکارەکەی دڵەڕاوکێ بوو لە گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن، هەروەها هۆکارێکی دیکەش بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بوو بۆ 10.6 لە سەدا لە مانگی تشرینی دووەمدا.
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە لیرەی تورکی 3.4 لە سەدا بە هاکەی لە دەستداوە، ئەوەش وایکردووە ببێتە خراپترین دراو لە بازاڕی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا.