پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی زیندانیانی سیاسیدا ده‌كرێت

نزیكەی 57 ھەزار كەس وەك زیندانی سیاسی سەردەمی رژێمی بەعس ناویان تۆماركراوە

K24 – هه‌ولێر:

زیندانیانی سیاسی دەیانەوێت لیستی زیندانیانی سیاسی پاكبكرێتەوە و ئەو كەسانەی بە ناشایستە مووچە وەردەگرن، ناوەكانیان دەربھێنرێت.

سلێمان خالد ئاژگەیی، كە ساڵانێك سەرۆكی كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسیی بووە رایگه‌یاند،  خەڵك ھەیە ئۆتۆمبێل خۆی پیادا كێشاوە، یاخود لەسەر كارێكی بەدەر لە كوردایەتی گیراوە، كەچی ئەمڕۆ مووچەی زیندانی سیاسی وەردەگرێت.

پەرلەمانی كوردستانیش داوا دەكات وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان پێداچوونەوە بە لیستی زیندانیانی سیاسی بكات.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەست كۆمەڵەی زیندانە سیاسییەكان ھەیە، دوای ساڵی 2005 نزیكەی 57 ھەزار كەس وەك زیندانی سیاسی سەردەمی رژێمی بەعس ناویان تۆماركراوە، بەڵام ھەنگاو بە ھەنگاو ناوە ناشایستەكانیان لێ دەرھێناوە و ئێستا ژمارەیان نزیكەی 15 ھەزار كەس دەبێت، بەڵام ھێشتا له‌ پەرلەمانی كوردستانەوە داوا دەكرێت، وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان پێداچوونەوە بە لیستی زیندانیانی سیاسی بكات.