ئه‌ندامانی نوێی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ستنیشان كران

پشکی کورد دوو دادوەره‌

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە تیروپشک حەوت دادوەری بۆ ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەستنیشان کرد.

چاوەڕوانیش دەکەن ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان وەک پشکی کورد دوو دادوەر لە ھەردوو رەگەز بە تیروپشک یەکلابکاتەوە بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، کە ھەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسایی کۆمسیۆنی ھەموارکردەوە و ئەنجوومەنی کۆمسیارانی ھەڵوەشاندەوە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ھەریەک لە (عەباس فەرحان، جەلیل عەدنان، عامر موسا، فەیاز حوسێن، عەلی رەشید) وەک دادوەری سەربەخۆ ناویان لە تیروپشکەکە دەرچوو، ھاوکات ھەردوو دادوە (ئینعام یاسین و فەتاح محه‌مه‌د)، کە لە ئەنجوومەنی راوێژکاری وڵاتەوە دانرابوون ناوی ئەوانیش لە تیروپشکەکە دەرچوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنی دادوەری حکومەتی ھەرێمیش وەک پشکی کورد تیروپشک بۆ دوو دادوەر بکەن لە ھەردوو رەگەز، تاکو ببەن بە ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق.

ماددەی سێ لە پرۆژە یاسای ھەمواری کۆمسیۆن ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە 9 دادوەر پێکدێت بە مەرجی ئەوەی دادوەرەکان تەواو بێ لایەن و دانیشتووی عێراق بن ھاوکات رەوشت بەرز و بێ کێشە بن لە بارەی ئەنجامدانی تاوان رووبەرووی دادگا نەکرابنەوە و کەسانی دەستپاک بن و دۆسیەی گەندەڵی لە سەر نەبێـت.