بۆ یەکەمجار نانەواخانەیەک لە بەریتانیا نانی سیسرکەی بەرهەمهێنا
بۆ هەر نان 336 سیسرکەیان بەکار بردووە
هەولێر: K24
نانەواخانەی رۆبێرتز لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، یەکەم نانی لە سیسرکە بەرهەمهێناوە کە بۆ هەر نانێک 336 سیسرکەی تێدایە. سیسرکەکان وشک کراون و پاشان وەکو ئاردیان لێکراوە؛ لەگەڵ ئاردی گەنم و هەندێکی دیکە لە دانەوێڵەکان تێکەڵ کراون و پاشان نانیان لێ دروستکردووە، وەکو خۆیان باسی دەکەن: "ئەم نانە زۆر بەتامیشە".
ئێستوارت ئێسپنسر کاڵنان، بەڕێوەبەری نانەواخانەکە دەڵیت:" سیسرکە پێکهاتەیەکی خۆراکیی نوێ و سەرنجڕاکیشە، سیسرکە خواردنێکی زۆر بەتام و بەسوودە"
هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە ئەم نانە بۆ خەڵک زۆر سەرنجڕاکێش بووە تا ئێستاش پێشوازییەکی باشی لێکراوە.
توێژەرانی خۆراک دەڵێن، بۆ تەندروستی جگەر باشە و پڕە لە ماددەی بەسوود و ئەو نانەشی بە سیسرکە بەرهەم هاتوو بە بەراورد لەگەڵ نانەکانی دیکە، پرۆتینی زیاتری تێدایە.
ئەلیسۆن ئۆردۆنێز، بەڕێوەبەری گشتی داهێنانی نانەواخانەی رۆبێرتز گوتی:"حەشەراتەکان پڕن لە ماددەی خۆراکیی بەسوود و بۆ ژینگەش گونجاون. بەڕاستیش زۆر بەچێژن و دەبێت وەکو یەکێک لە خۆراکە سەرەکییەکان بخورێن".
ئەدێل وۆڵستن هاڵم، پزیشکی خۆراکناسی، پشتگیری وتەکانی ئەلیسۆن دەکات و دەڵێت: "لە تێڕوانینی پەرەسەندنى مرۆڤ"، حەشەرەکان بۆ ماوەیکی زۆر ژەمی سەرەکی رۆژانەی مرۆڤەکان بوون و ئەم کارەش گەڕانەوەیە بۆ نەريتى خۆراكى باب و باپیرانمان".
هەروەها دەڵێت: "گۆشتی سوور و چۆنیەتی ئامادەکردنی بۆ ژینگە خراپە. کاتێک فشارێکی زۆر گەورە لەسەر زەویە، دەبێت پێشوازی لە خواردنی حەشەرات بکەین".
بەگوێرەی داتایەکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی دوو ملیار کەس لە جیهان حەشەرات دەخۆن و زۆربەیان لە رابردوو و نەوە لەدوای نەوە ئەم حەشەراتەیان خواردووە.
ئەو کەسانەی ژینگەپارێزن، خواردنی حەشەراتیان لا زۆر گرنگە چۆنکە بە بەراورد لەگەڵ بەخێوکردنی ئاژەڵەکان، ئاوی خواردنی کەمتری پێویستە.
تا ئێستا هەندێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکان، وەکو نیکۆل کیدمەن، ئانجێلینا جوولی، جەستن تیمبێرلیک و کەیتی پێری، پێشوازیان لە خواردنی حەشەرات کردووە.
سەرچاوە: The Independent
