دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داھاتووی عێراق ناكۆكییەكان توندتر دەكات

"ناكۆكییەكانی نێوماڵی شیعە قەیرانیان لە عێراق دروستكردووە"

K24 - ھەولێر

لە سەردانانی سەرۆک وەزیرانی نوێ لایەنە شیعیەکان کەوتوونە دووبەرەی دژ بەیەک و موقتەدا سەدریش ھۆشداری شەڕی ناوخۆیی شیعەکان دەدات، ھەریەک لە ھاوپەیمانی سائیرون و نەسر و حیکمە دژی راسپاردنی قوسەی سوھێلن کە کاندیدی ھاوپەیمانی بونیادە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "ناکۆکییەکانی شیعە قەیرانی لە وڵاتەکە دروستکردووە و راستەخۆ کاریگەریشی خستووەتە سەر کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێویستە پێکھاتەی شیعی رێکبکەون لەنێوان خۆیان بۆ رادەستکردنی کەسایەتیەک و دواتریش ئێمە بۆچوونی خۆمان دەدەین لە سەر ئەو کەسە، تائێستا ململانێ و گرژیەکی توند لە نێوانیان ھەیە ناکۆکیەکان قوڵبوونەتەوە بۆیە پێم وانیە وا بە ئاسانی رێکبکەون، بارودۆخەکە قەیرانی گەورەی بە دوای خۆیدا ھێناوە، تەنانەت ئەم دووبەرەکیان کاریگەری خستووەتە سەر دانیشتنەکانی پەرلەمانیش".

ھەموو ئەو ناوانەی ئاشکرا کران بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی دھاتووی عێراق کاردانەوەی توندی خۆپیشاندەرانی بە دوای خۆیدا ھێنا، ھاوپەیمانی بونیادیش تاکو ئێستا دەستیانگرتووە بە کۆتا کاندیدیان کە قوسەی سوھێل و پاڵپشتی ئێرانیشی ھەیە. رەوتی حیکمە پێی وایە نە شەقام و نە مەرجەعیەت لەگەڵ دانانی قوسەی سوھێل نین، چونکە کەسێکی بێ لایەن نییە و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە.

سەلام توفەیلی، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە دەڵێ: "پێویستە پێکھاتەی شیعی رێک بکەون لەنێوان، خۆیان بۆ رادەستکردنی کەسایەتیەک و دواتریش ئێمە بۆچوونی خۆمان دەدەین لە سەر ئەو کەسە، تائێستا ململانێ و گرژیەکی توند لەنێوانیان ھەیە ناکۆکیەکان قوڵبوونەتەوە، بۆیە پێم وانیە وا بە ئاسانی رێکبکەون، بارودۆخەکە قەیرانی گەورەی بە دوای خۆیدا ھێناوە، تەنانەت ئەم دووبەرەکیەیان کاریگەری خستووەتە سەر دانیشتنەکانی پەرلەمانیش".

ھ.م