ململانێی نێوان كوتله عێراقییهكان دهستپێدهكات
پرسی گهورهترین كوتلهی پهرلهمانی كێبڕكێ دهخاته نێوان سائیرون و بونیاد
K24- بهغدا:
پرسی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی کێشەی بۆ پرۆسهی راسپاردنی کەسایەتیك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی دروستکردووە، ھەریەك لە ھاوپەیمانی سائیرون و ھاوپەیمانی بونیاد رکابەری یەکتر دەکەن و خۆیان پێ گەورەترینە. ئەمەش وایکردووە دانانی سەرۆك وەزیرانی نوێ لەم بارودخە ھەستارەی عێراق ئەستەم بێت.
لهمبارهیهوه ھاوپەیمانی سائیرون دەڵێت: پشکی سەرۆك وەزیران مافی ئێمەیه و دەیدەین بە خۆپیشاندەران، ھاوپەیمانی بونیادیش تا ئێستا چەندین کاندیدی دیاری کردووە و سهرجهمیان رەتکراونەتەوە، دواین کاندیدیشیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئەسعەد عێدانی پارێزگاری ئێستای بەسرهیە.
لهمبارهیهوه محهمهد بهلداوی، پهرلهمانتاری كوتلهی بینا دهڵێت: "ھاوپەیمانی بونیاد و چاکسازی کێبڕکێی ئەوە دەکەن، کام لایهن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێ ئیمزامان کۆکردوەتەوە و دەرکەوتوە ھاوپەیمانی بونیاد گەورەترینە، چونکە توانیمانه سەرۆك پەرلەمان و سەرۆك کۆمار دابنێین و پاڵپشتیان بکەین، لەگەڵ ئەوەش نووسراوی فەرمی ھەیە بە بەڵگەوە ئاراستەی لایەنەکان کراوە وەك ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەو مافەشیان داوە پێمان".
له كاتێكیشدا كه ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانەوە بە خاوەنی ٥٤ کورسی و بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستور وەك گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ناسرا و تا ئێستاش خۆیان بێ رکابەر دەزانن، داوا دەکەن کە سەرۆك کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان پابەندی دەستوربن و پاڵپشتی کاندیدی ھیچ لایەنێکی سیاسیش ناکەن. محەمەد غزی، پەرلەمانتاری ئهو هاوپهیمانێتییهش دهڵێت: پشکی پۆستی سەرۆك وەزیران کە مافی ئەوانە، دەیدەن بە خۆپیشاندەران.
ئهو پهرلهمانتارهی سائیرون ئاماژه بهوهش دهدات، "ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی بڵند و هوتافەکانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانی پێگەشتووە، کە کۆمەڵێك مەرجن و بەو مەرجانە کەسێکیان دەوێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە ھەر کەسێك ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت، لە پەرلەمانەوە دەنگی پێ نادرێت، کوتلەی گەورە لە یەکەم دانشتنی پەرلەمانەوە یەکلایی کراوەتەوە و ئەو بابەتەش کۆتایی ھاتووە".
دوای ئەوەی کە قوسەی سوھهیل، کاندیدی ھاوپەیمانی بونیاد بوو، خۆپیشاندەران رەتیانکردوە و خۆشی بێ ئومێد بوو دەستی لەو خۆ کاندیدکردن کێشایەوە، ئێستا ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسره کاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانە و تا ئێستاش روون نیە ئەو شانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی دەبێت یان نا.
H.B