مێسی یه‌كه‌مین خه‌ڵاتی له 2020 به‌ده‌ستهێنا
"مێسی به ده‌نگی به‌شێك له هانده‌رانی مه‌دریدی خه‌ڵاته‌كه‌ی برده‌وه"
لیۆنێل مێسی ساڵێكی پڕ ده‌سكه‌وتی تاكه‌كه‌سی به‌ڕێكرد و دوایین نازناویشی له 2019 بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتێكی نوێ بوو، له‌لایه‌ن هانده‌رانه‌وه به باشترین یاریزانی ساڵی 2019 ده‌ستنیشانكرا.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی له راپرسیییه‌كدا لیستێكی 100 یاریزانی خسته به‌رده‌م هانده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی باشترینی 2019 ده‌ستنیشان بكه‌ن.
مێسی سه‌ره‌ڕای له‌ده‌ستدانی جامی شای ئیسپانیا و دۆڕانیان له یاریی كۆتایی به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا، هه‌روه‌ها رووداوه له‌بیر نه‌كراوه‌كه‌ی یانه‌كه‌ی له چامپیۆنزلیگ كاتێك له یاریگه‌ی ئانفێڵد له‌لایه‌ن لیڤه‌رپووله‌وه له پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ ریمۆنتادایان به‌سه‌ركرا، جگه له ماڵئاوایی كردن له قۆناخی پێشكۆتایی كۆپا ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌رازیل، به‌ڵام هانده‌ران ئه‌ستێره‌كه‌ی بارسێلۆنایان له‌بیر نه‌كرد و زۆرترین ده‌نگیان خسته سه‌ر حیسابی یاریزانه ئارجێنتینیه‌كه.
لیۆ له راپرسییه‌كه‌دا رێژی له سه‌دا 59ـی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و پله‌ی یه‌كه‌م و نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، به جیاوازییه‌كی زۆر پێش كه‌ریم بێنزێما كه‌وته‌وه و فه‌ره‌نسیه‌كه ته‌نیا له 10%ـى ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ڤێرجیل ڤان دایك به‌رگریكاری لیڤه‌رپوول سێیه‌م زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه و پێش كریستیانۆ رۆناڵدۆ و كیلیان مباپێ و سادیۆ مانێ كه‌وتۆته‌وه، هه‌ریه‌كه له دێ یۆنگ، محه‌مه‌د سه‌ڵاح، ره‌حیم ستێرلینگ و ئالیسۆن بێكه‌ریش پله‌كانی شه‌شه‌م تاكو ده‌یه‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌یان گرتووه.
مێسی به‌ر له بردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌ی ماركا، خه‌ڵاتی زه بێستی له‌لایه‌ن فیفاوه پێبه‌خشرا و بۆ جاری شه‌شه‌میش خه‌ڵاتی بالۆن دۆری برده‌وه، جگه له بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی پێڵاوی زێڕین بۆ باشترین گۆڵكاری ئه‌ورووپا.