سیئۆل بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی لە عێراق رێوشوێن دەگرێتەبەر

ھەزار و 600 هاووڵاتی کۆریای باشوور لە عێراق کاردەکەن

K24 - ھەولێر

كۆریای باشوور رایدەگەینێت، ژمارەی ئەو كۆریانەی كە لە عێراقدا كاردەكەن دەگاتە ھەزار و 600 كەس و ھەموو رێوشوێنێك تاوتوێی دەكەن بۆ ئەوەی پیانپارێزن.

ئاژانسی یونھاب-ی كۆریای باشوور رایگەیاند، تیمێكی تایبەت دەستنیشانكراوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەو دۆخە بكەن، كە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، تاوەكو كۆرییەكان بە پارێزراوی بمێنن لەو ناوچەیە بەو پێیەی كە ژمارەیەكی زۆریان لە ناوچەكەدا ھەیە، بەجۆرێك تەنیا لە عێراق دەگاتە ھەزار و 600 كەس، لە ئێران 290، لە لوبنان 150 و ئیسرائیلیش 700 كەس.

ئاماژەی بەوەشدا، كە وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور داوای كردووە ھەموو ھەوڵێك بدرێت، تاوەكو ئەو كۆمپانیا و ھاووڵاتییانەی لەو ناوچەیەدا كاردەكەن، ھیچ زیانێكیان پێنەگات و ئەگەر بێت و دۆخەكە خراپتر بێت، ئەوە حكومەت كۆبوونەوەی بەپەلە لەگەڵ كۆمپانیاكانی لە عێراقدا ئەنجامدەدات، تاوەكو سەرجەم رێوشوێنەكانی پاراستنیان تاوتوێ بكرێن.