"عێراق به‌ قۆناغێکی ترسناكدا تێدەپەرێت"

"ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌مان جێنه‌هێڵن ناچاریان ده‌كه‌ین"

K24- به‌غدا:

دوور لە گۆڕەپانی تەحریر، لە سەر داوای موقتەدا سەدر خۆپیشاندان لە ناوچەی جادریەی بەغدا له‌ دژی بوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەڕێوەچوو، به‌ڵام سه‌در خۆی به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا نه‌كرد.

رێبەری رەوتی سەدریەکان لە رێگای بەیاننامەیەکەوە، داوای ھەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی ئەمنی عێراق و ئەمەریکای کرد، راشیگەیاند: ئه‌گەر ئەمەریکا پابەندی ئەو ھەڵوەشاندنەوەیە نەبێت وەك داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.

له‌مباره‌شه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران قسه‌ بۆ كوردستان 24 ده‌كه‌ن و یه‌كێكیان ده‌ڵێت: "پێویستە ھەمووان بزانن کە عێراق به‌ قۆناغێکی ترسناكدا تێدەپەرێت، بۆیە پێویستە گوێ لە دەنگی حەق و گەل بگیرێت، ئەو دیموکراتیە بەرپابکرێت، کە داوای دەکەن، ئەمە دەنگی زۆرینەیە کە بە ئازادی و یەك دەنگی دەڵێن: نەخێر نەخێر بۆ ئەمەریکا و ئسرائیل".

خۆپیشانده‌رێكی دیكه‌ش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: ئەمە خۆپیشاندانی ملیۆنیە و ئەو یەك ملیۆنه‌ی هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، ئه‌مڕۆ دەبینە چقڵی چاوی ئەمەریکا و ئسرائیل، بۆیە ئەم جەماوەرە جەخت لە دەرچوونی ھێزەکانی ئەمەریکا دەکاتەوە لە ناو خاکەکەیان".

له‌كاتێكیشدا ھەزاران کەس بۆ بەدەمەوەھاتنی بانگەوازیەکەی موقتەدا سەدر لە شارەکانی باشووری عێراقەوە ھێنرابوونە بەغدا، وتافەکانیشیان دژ بە بوونی ھێزەکانی ئەمەریکا بوون، ھەندێك لەو چەکدارانەی حەشدی شەعبیش کە بە جلی ئاساییەوە بەشداریان کردبوو، ھەڕەشەی کردەوەی سەربازیان لە ئەمەریکا دەکرد.

یه‌كێك له‌و چه‌كدارانه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "پێیان دەڵێین: ئەگەر بە ئاشتەوایی ولاتەکەمان بە جێ ناھێلن ئەوە بە فەرمانی سەربازی ناچارتان دەکەین کە برۆن، چونکە ئەم خەڵکە دژی ئێوەیە، په‌نا به‌خودا بە ئاشتەوایی بێت یان سەربازی، ئێمە دەرتان دەکەین و ئامادەین بۆ ھەردوو حاڵەتەکەش".

چه‌كدارێكی دیكه‌ ده‌ڵێت: "ئێمە داوا لە ئەمەریکا دەکەین، بنکە سەربازیەکانیان لە عێراق چۆڵ بکەن، داواشیان لێدەکەین بە تەواوی خاکی پیرۆزی عێراق جی بھێڵن، چونکە عێراقیەکان ئەمڕۆ دەنگی ناڕه‌زایی خۆیان گەیاند، لە سەر ئەمەریکاشە پابەند بێت".

ئەم ھەینیە بەغدای پایتەخت دوو گۆرپانی گەورەی خۆپیشاندانی بە دوو ئاراستەی جیاواز لە خۆ گرتووبوو، لە لایەك سەدریەکان ھەینی گێڕانەوەی سەورەی خاکیان لە گۆڕەپانی حوڕیەی ناووچەی جادریە دژ بە بوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق رێکخست، لەلایەکی دیکەوە گۆڕەپانی تەحریر درێژەیان بە خۆپیشاندانە بەردەوامەکەیان دا و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد، کە بە ھانایانەوە بێن بۆ لە ناوبردنی دەسەڵاتی حزبە سیاسیەکان.

H.B