قەیرانی ئابووری گورز لە كەرتی گەشتیاری تورکیا دەدات

بازاڕە مێژووییەكەی ئیستانبوڵ گورزی ئابووری بەردەكەوێت

K24 - ھەولێر

كەمی گەشتیار و بەرزی كرێی دوكانەكان، بووەتە ھۆكار كە گورزێك بەر بازاڕە گەورەكەی ئیستانبوڵ بكەوێت و لە رووی فرۆشی بازرگانییەوە داكەوتن تۆماربكات، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەكی زۆری خاوەن فرۆشگاكان ناچار بوون كە دەرگای فرۆشگاكانیان دابخەن، بەجۆرێك تاوەكو ئێستا نزیكەی 200 دوكان لەو بازاڕە داخراون و خاوەن دوكانەكانیش نیگەرانن لەو قەیرانەی بەرۆكی بازاڕە مێژووییەكەی ئیستانبوڵی گرتووە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی تی24ی توركی، ئەو قەیرانە داراییەی ساڵانێكە بەرۆكی ئابووری توركیای گرتووە، ئەم جارەیان گورز لە بازاڕە داپۆشراوەكەی وڵاتەكە دەدات كە پێی دەوترێت "كەپەڵی چارشی" كە بە یەكێك لە بەناوبانگترین ناوچە گەشتیارییەكان ھەژمار دەكرێت لە ئیستانبوڵ، بازرگان و پیشەوەران گلەیی لە داكەوتنی فرۆشییەكانیان دەكەن بە بەراورد بەو فرۆشییەی كە 4 ساڵ لەمەوەبەر ھەیانبووە، بەو پێیەی كە گەشتیار روویان تێناكات و روو لە شوێنی ھەرزانتر دەكەن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەی بازرگانان و پیشەوەرانی بازاڕە گەورەكەی ئیستانبوڵ لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەداوە، كە لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا بەھۆی نەبوونی كڕیار نزیكەی 200 دووكانی گەوھەر و زێڕ لەو بازاڕە داخراون، بەجۆرێك لە ھەزار دوكانەوە بۆ 800 دوكان كەمبووەتەوە و بەرزبوونەوەی كرێی دوكانەكان لەو بازاڕە، بە ھۆكارێكی دیكەی داخستنیان دادەنرێت، چونكە %80ی دوكانەكان بە كرێ گیراون و كەمی قازانجیش كاریگەری نەرێنی لە خاوەنەكەی دەكات. ھاوكات ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روو لەو بازاڕە دەكەن لە 400 ھەزاری ساڵانەوە بۆ 250 ھەزار كەمبووەتەوە و پێشووتر و بەر لە قەیران  ھەر گەشتیارێك نزیكەی 250 دۆلاری خەرجدەكرد، كەچی ئێستا ناگاتە 200 دۆلاریش.

لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی تی24ی توركییدا ھاتووە، ئەو وڵاتە ساڵانێكە رووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری گەورە بووەتەوە و شكستی دەسەڵاتی ئەردۆغان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە بە روونی دیار بووە، تەنانەت نەتوانراوە تاوەكو ئێستاش چارەسەرێك بۆ كەمكردنەوەی قورساییەكانی ئەو قەیرانە لەسەر ھاووڵاتییان بدۆزرێتەوە. لەلایەك رووبەڕووی بەرزییەكی زۆری باج بوونەتەوە، لەلایەكی دیكەش تێكڕای بێكاری و ھەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەكان بەرۆكیان بەرنادات و بەگوێرەی توێژینەوەیەكی توركی كە لە ئەیلوولی 2019 ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە ھەڵاوسان لە نرخی خۆراك لە ماوەی ساڵێكدا بەرێژەی %64.2 بەرزبوونەوەی تۆماركردووە و شارەزایانیش دەڵێن، ئەگەر بێت و حكوومەتی وڵاتەكە چارەسەری بەپەلە بۆ بووژانەوەی ئابوورییەكەی نەگرێتەوەبەر، ئەوە ساڵانی داھاتوو بۆ توركیا سەختتر دەبێت.

ھ.م