بازرگانی ئێران داكەوتنی بەرچاو تۆمار دەكات

بانکی جیهانی پێشبینی دەکات گەشەی ئابووری ئێران 0% بێت

K24 - ھەولێر

بەھۆی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئابووری ئێران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیھان  لەماوەی 2019دا داكەوتنی بەرچاوی تۆماركرد. لایە خۆیەوە بانكی نێودەوڵەتی پێشبینییەكانی بۆ گەشەی ئابووری ئێران لە 2020دا خسووەتەڕوو و ئاماژەی بەوەداوە كە گەشەی ئابوورییەكەی بەرێژەی 0% دەبێت كە ئەوەش كاریگەرییە نەرێنییەكانی سەر ئەو وڵاتە زیاتر دەكات.

بەگوێرەی راپۆڕتێكی رادیۆی فەردای فارسی كە لەسەر ئابووری ئێران ئەنجامیداوە، بەھۆی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئابووری ئێران، دەركەوتووە كە بە درێژایی ساڵی 2019  بازرگانی دەرەكی ئێران داكەوتنێكی بەرچاوی تۆماركردووە، ئەوەش بووەتە ھۆكار كە تاران لە مانگی ئاداری 2019ـەوە لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتی گومرگی بوەستێت.

بەگوێرەی داتاكانی ئەو راپۆڕتە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی  چین لەگەڵ ئێران لە 2019دا بەرێژەی 34% دابەزینی تۆماركردووە. سەبارەت بە كۆریای باشوور بەرێژەی 60% دابەزیوە بە بەراورد بە 2018. ھەروەھا ھیندستانیش بەھەمانشێوە ئاستی بازرگانیان لەگەڵ تاران كەمبووەتەوە بەجۆرێك ھاوردەكانی بە تێكڕای 3 ھێندە كەمبووەتەوە.

ژاپۆنیش ئاشكرایكردووە، كە  ھەناردەكانی بۆ ئێران بە نزیكەی 11 ھێندە دابەزینی تۆماركردووە و تۆكیۆش بەھەمانشێوە، ساڵی رابردوو ھاوردەكانی لە تارانەوە بە نزیكەی 3 ھێندە دابەزیووە.

ھەروەھا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان لە توركیا، لە 11 مانگی ساڵی 2019 ھاوردەكانی لە ئێرانەوە دابەزینی تۆماركردووە، كە بەنزیكەی 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە بە بەراورد بە نزیكەی 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ھەمان ماوەی ساڵی 2018 و 7 ملیار لە 2017دا و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیارە بازرگانی ھاوبەشی ھەر یەك لە ئێران و توركیا لە مساڵدا لە سنووری نیوەی ئەو ژمارەیە بێت كە لە 2017دا تۆماركراوە.

وڵاتانی ئەوروپیش بێبەش نەبوون لەو دابەزینە گەورەیە، بەجۆرێك لەماوەی 11 مانگی ساڵی 2019 بە نزیكەی دوو ھێندە لە ھەناردەكانیان لەگەڵ تاران دابەزیووە.

پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھاوبەشی نێوان ئێران و ئەڵمانیاش لە ماوەی نیوەی یەكەمی 2019  بەرێژەی 50% دابەزیووە بە بەراورد بەھەمان ماوەی ساڵی 2018.

ھ.م