عێراق.. پڕۆژه‌یاسای سه‌ربازیی زۆره‌ملێ دێته‌وه‌ به‌رباس

ورده‌كاری پڕۆژه‌یاساكه‌ ئاشكرا نییه

K24- هه‌ولێر:

لە عێراق، كار لەسەر گەڕانەوەی خزمەتی سەبازی زۆرەملێ دەكرێت، چەند ساڵێكە پرۆژە یاسایەك بۆ ئەم مەبەستە ئامادەكراوە، ئێستا پرۆژەكە لە ئەنجوومەنی شورای دەوڵەتە و هێشتا ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كراوه‌.

ناسر هه‌ركی، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دەڵێت: پرۆژە یاسایەكە ھێشتا نەگەیشتوەتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكی لیژنەكەیان، ئەندامان بۆچوونی خۆیان لەسەر دەربڕیوە.

بەھۆی ئەوەی وردەكاری پرۆژە یاسایەكە ھێشتا دیار نییە، بۆیە جارێ نازانرێت ئاخۆ ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە یان نا، بۆیە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا جارێ بەرچاویان ڕوون نییە، لەگەڵ ھاتنی پرۆژەیاساكەش بۆ پەرلەمان چاوەڕێی بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كورد دەكەن. له‌مباره‌شه‌وه‌ لیوا محه‌مه‌د سابیر، شاره‌زای سه‌ربازی خزمه‌تی سه‌ربازی به‌ كارێكی گرنگ ده‌زانێت.

خزمەتی سەربازی زۆرەملێ، لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لە عێراق كۆتاییھات، ئێستا بەرپرسانی عێراق دەیانەوێ ئەم یاسایە بگەڕێننەوە، ئامانجیشیان پێكھێنانی سوپایەكی تۆكمە و بەرزكردنەوەی ئینتیمای نیشتمانی گەنجان و ڕاھێنانیانە لەسەر ئەزموونێكی سەختی ژیان.

H.B