پێشنیازی دانانی سیسته‌می پاتریۆت له عێراق كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه
"كاتێك حكوومەتی عێراق نا‌توانیت باڵیۆزخانەكان بپارێزێت ئەوا ئەمه‌ریكا دەتوانێت ئه‌و كاره بكات"
K24- هه‌ولێر:
پرسی دانانی سیسته‌می به‌رگری دژه مووشه‌كی پاتریۆت له هه‌رێمی كوردستان رای جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه و به‌شێك له چاودێران پێیان وایه به‌غدا به‌و پێشنیازه رازی ده‌بێت و به‌شێكی دیكه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رایه بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه به‌غدا رێگه به جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێشنیازه نادات.
له‌كاتێكدا ھەرێمی كوردستان ڕەزامەندی خۆی بۆ دانانی سیستەمی بەرگری پاتریۆت لە ناو خاكه‌كه‌ی نیشاندا و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەشێكی چاوپێكەوتنەكەییدا لەگەڵ فرانس24 ئاماژەی بەوەدا، ئەوان لارییان لەسەر ئەم بابەتە نییە، بەڵام پێویستە بەغدا رەزامەندی لەسەر بدات، چاودێرانی سیاسی بەسەر دوو رادا دابەش بوون.
بەشێكیان له‌و باوه‌ڕه‌دان بەغدا به‌م پێشنیازه رازی دەبێت. له‌م باره‌شه‌وه بارزان جه‌وهه‌ر، پسپۆڕی زانسته سیاسییه‌كان جه‌خت ده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا كه حكوومەتی عێراق نا‌توانیت باڵیۆزخانەكان بپارێزێت، ئەوا ئەمه‌ریكا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییه‌كان خۆی دەتوانێت پارێزگاری لە بنكە و بارەگانی له عێراق بكات.
لە بەرامبەریشدا شاخەوان مەحەمەد، پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێت: له‌كاتێكدا به‌غدا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆتاییهێنان به هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو خاكی عێراق خستووه‌ته گه‌ڕ، بۆیه ئه‌سته‌مه به‌غدا به‌و پێشنیازه رازی بێت و رێگه به دانانی ئه‌و سیسته‌مه بدات.
دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، چه‌ندین جار بنكه و پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به مووشه‌ك و كاتیۆشا كراونه‌ته ئامانج، بۆیه واشنتن ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی دانانی سیسته‌می دژه مووشه‌كی پاتریۆته‌وه پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ناو خاكی عێراق بكات.
H.B