كورد ده‌یه‌وێت به‌ یه‌ك پاكێج دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات

لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان خواستیان بۆ كۆده‌نگی هه‌یه‌

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەیانەوێت لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، بەیەك دۆسیه‌ دانووستان لەگەڵ بەغدا بكەن.

كاكه‌مین نه‌جاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ و پشكی كورد له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق دەڵێت: ھەموو وەزارەتەكان گرنگن، بەڵام بۆ كورد ئەوەی لەھەموو شتیك گرنگترە پاراستنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانە لەكابینەی نوێدا.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا رێباز بێركۆتی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێشنیاز دەكات، كورد ئەم جارە كار لەسەر وەرگرتنی پۆستێكی باڵای ئەمنی بكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانێت كار لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان بكات.

كورد بۆ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق، ئەگەر وەزارەتی گرنگتریش وەرنەگرێت، دەیەوێت بەلایەنی كەم پارێزگاری لەو 3 وەزارەتە بكات، كە ئێستا لە دەستیدایە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان لەسەرووی ھەمووشیانەوە پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە ھەوڵدان، لەگەڵ ده‌ستپێكردنی دانووستانەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ، بەیەك پاكێج دانووستان لەگەڵ بەغدا بكەن.

H.B