ئەمەریکا مۆڵەت بۆ عێراق درێژ دەكاتەوە

ئێران ناتوانێت پارەی گاز لە عێراق وەرگرێت

K24 - ھەولێر

ئەمەریکا بۆ سێیەم جار مۆڵەتی بۆ عێراق درێژکردەوە کە گاز لە ئێران بکڕێت، ئەوەش بۆ پێویستییەکانی بەغدا دەگەڕێتەوە کە ناتوانێت بێ گازی ئێران بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات، لە پێگەی ئۆیل پرایسدا هاتووە، حکوومەتی عێراق دەیەوێت پەرە بە گازی سرووشتی بدات و پشت بەستنی بە ئێران کەمبکاتەوە.

لەگەڵ درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، بۆ هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێرانه‌وه‌، هەر سێ وڵات هەوڵدەدەن باشترین دەستکەوتیان لە کۆتایی رێککەوتنەکە هەبێت.

سایمۆن واتکینز لە نوێترین راپۆرتیدا به‌ پێگەی ئۆیل پرایسی ئەمەریکی رایگەیاند، دیاریکردنی هەڵوێستەکان لە هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی روون بە دیارکەوتوون، بە تایبەت دوای ئەوەی فەیسەڵ هەمیس، سەرۆکی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی رایگەیاند، بانکەکەیان لە پێدانی پارە دەوەستێت، ئەگەر ئەمەریکا ماوەی بەخشین لە کۆتایی ئەم مانگەدا درێژ نەکاتەوە.

ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر هاورده‌كردنی 1400 مێگاوات كاره‌با و 28 مەتر چوارگۆشەی غاز له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ عێراق.

ئاژانسی وزەی جیهانی ئاماژەیداوە، ئەو دۆخە زۆر خراپتر دەبێت بەهۆی گەشەی دانیشتووانی عێراق، کە ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کەسە.

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەغدا بە واشنتنی راگه‌یاندووه‌، تا جێگرەوەیەک نەدۆزێتەوە ناتوانێت دەستبەرداری هاورده‌ی غازی ئێران بێت، چونكه‌ ناتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕ بكاته‌وه‌.

پێشبینی ده‌كرێت، ئامانجی ئه‌مەریكا له‌م هه‌نگاوه‌ بۆ خێرا جێبه‌جێكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یه‌تی كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی كردویه‌تی به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتی قازانجی زیاتر.

بڕیاره‌ کۆمپانیای هانۆیل بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بەکتەل و کۆمپانیای غازی باشوور، کە سەر بە حکوومەتی عێراقە، وێستگەی ئەرتاوی بۆ غاز دادەمەزرێنێت و لە قۆناخی یەکەمدا 300 ملیۆن پێ سێجا، رۆژانە غازی هاوتای نەوت لە پێنج کێڵگەی نەوتی باشووری عێراق چارەسەر دەکەن.

حەمید حوسەینی، گوتەبێژی کۆمەڵەی هەناردەکاری نەوت و غاز و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکانی ئێران رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق، نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری لە بەرامبەر دابینکردنی گاز و کارەبای ئێران بە بانکی ناوەندی عێراقی بەخشیووە، بەڵام بەهۆی سزا سەپێندراوەکانی ئەمەریکا ئێران ناتوانێت لەو بڕە پارەیە سوودمەند بێت.

سەرچاوەیەکی ئێرانی بە ئۆیل پرایسی راگەیاندووە، پاره‌ کەڵەکەبووەکان دەگاتە شەش ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ئەمەریکا مۆڵەتی بەخشین بۆ عێراق درێژنەکاتەوە، ئەوا پاره‌كه‌ لە بانکەکانی عێراق دەمێنێتەوە.

ھ.م