چلەی سولهیمانی و موههندیس برینی شیعەكان دەكولێنێتەوە
له بهغدا چلهی ماتهمینی سولهیمانی و موههندیس دهكرێتهوه
K24 - ھەولێر
لە چلەی ماتەمینی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس، شیعە مەزھەبەکان پێداگیری لە بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا دەکەنەوە لە عێراق و پەرلەمانتارێکی ھاوپەیمانی سائیرونیش دەڵێت "ئەرکی محەمەد تۆفیق عەللاوییە، لە کابینەی حکومەتەکەی بڕگەکانی ئەو بڕیارە و رێکاری دەرکردنی ھێزە بیانیەکان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە".
چلەی ماتەمی کوشتنی ھەر یەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندس جارێکی تر برینی شیعەکان دەکولێنێتەوە، ھەر بەو ھۆیەوە ھەڵوەستەیەکی توندتر بۆ توڵەکردنەوەیان دەدەن بە گوێی ئەمەریکییەکان، کە ئەویش پێداگیری لە دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەم رێکارەش پێشتر لە رێگای کۆدەنگی پەرلەمانتارە شیعەکانەوە گیرابووە بەر، بۆیە ئێستا چاوەڕوانن کە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە حکومەتی داھاتوو ئەو بریارەیان بۆ جێبەجێبکات.
وەلید سەھلان، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون بە كوردستان24ی گوت: "حکومەتی ئێستا یان داھاتوو کە محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی، ئەرکیەتی کە بڕگەکانی ئەو بڕیارە جێبەجێبکات و رێکارەکانی کشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا بگرێتە ئەستۆ، پێویستە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی عێراق بێت، چونکە ئێمە نامانەوێت ھەڵوێستەکەمان لایەنگری ھیچ وڵاتێک بکات و گرژی دروستبکات، تەنھا دەمانەوێ گەلەکەمان بە کەرامەتەوە بژی ھاوشێوەی وڵاتانی دونیا".
ئێران لە بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندس، بنکەی سەربازی ئەمەریکای لە عەین ئەسەدی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بۆردومان کرد. لە دوایین ئاماریشدا ئاشكرا كراوە کە 109 سەربازی ئەمەریکی برینداربوونە. ھەروەھا لە راگەیەندراوێکدا ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لەو رۆژەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندسیان کوشتووە 109 ھاوەن ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و بنکە سەربازیەکانیان لە عێراق کراوە.
بەرەبەیانی 3/1/2020 لە نزیك فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمەریکا قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندسیان کردە ئامانج، لە ئاکامدا خۆیان شەش بەرپرس و چەكداری دیكەیان کوژران، ئەمەش کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا ھێنا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێرانی گرژتر کرد، ھەر دوو رۆژ دوای ئەو رووداوە بە دەنگی پەرلەمانتارە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دا.
ھ.م