عەللاوی لەگەڵ لایەنەكان دەكەوێتە گفتوگۆ
ھەوڵەكانی عەللاوی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ
K24 - بەغدا
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەتی داھاتووی عێراق، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کەوتوە گفتوگۆ و دانوستان، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی وەزیرەکانی، پەرلەمانتارانی ھاوپەیمانی سائیرون و فەتحیش دەڵێن "بەو مەرجە محەمەد تۆفیق عەللاویمان سەرپشککرکردووە و پاڵپشتی دەکەین کە کەسانی بێ لایەن و تەکنۆکرات بۆ وەزارەتەکانی دەستنیشان بکات، لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەو مەرجەش ئەوان پشتی تێدەکەین".
عودەی عەوادی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح بە كوردستان24ی راگەیاند: "کارەکانی عەللاوی زۆر بە باشی دەڕوات، تاکو ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت گەیشتوەتە رێكکەوتن لەسەر بەشێک لە وەزیرەکان کە بێ لایەن بن و پێشتر پۆستیان وەرنەگرتبێت، خۆی پێویستە وەزیرەکان بێ لایەن بن، بەڵام کە ھەندێ لایەنی سیاسی رازی نابن کەیفی خۆیانە".
ھەردوو ھاوپەیمانی سائیرون و فەتح کە پاڵپشتی بەھێزی محەمەد تۆفیق عەللاوین رایدەگەیەنن، عەللاویان بەو مەرجە سەرپشککردووە، کە وەزیری تەکنۆکرات و بێ لایەن بۆ وەزارەتەکانی دەستنیشان بکات، لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەو مەرجەش ئەوان پشتی تێدەکەن.
ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح دەڵێ: "ئێمە بەشێک نین لە دانوستانی پێکھێنانی حکومەت، چونکە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراومان سەرپشککردووە لە دەستنیشانکردنی وەزیرەکانی حکومەتەکەی کە بە کەسانی تەکنۆکرات و توانای بەڕێوبردنی ھەبێ لەم قۆناغە ھەستیارەی ولاتەکەمان".
پەیوەست بەو پرسە وەلید سەھلان، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون بۆ كوردستان24 گوتی: "پێویستە ئەو حکومەتە رەچاوی پێکھاتە و نەتەوەکان بکات، ھەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت پشکیان لەو حکومەتە ھەبێت، تاکو بتوانن پارێزگاری لە جەماورەکەیان بکەن، ئێمەش دەڵێن یان ھەمووی لەسەر یەک ھێڵ بێت و کەسانی بێ لایەن دابنرێت، یان قبوڵی ناکەین".
ھ.م