ھونەرمەند جەعفەری ماملێ كۆچی دوایی كرد
چەندین ساڵ خزمەتی بە ھونەری كوردی كردووە
K24 - ھەولێر
شەوی رابردوو ھونەرمەند جەعفەری ماملێ لە تەمەنی 79 ساڵیدا شاری مھابادی رۆژھەڵاتی كوردستان كۆچی دوایی كرد.
جەعفەر ماملێ، برای ھونەرمەندی كۆچكردوی ناسراوی كورد محەمەدی ماملێ و بچووکترین کوڕی سەعید ماملێ بوو، لە 1941/10/13ی زاینی بەرانبەر بە 1319/11/19ی هەتاوی لە شاری مەهابادی رۆژھەڵاتی كوردستان لەدایک بووە. لە سەرەتای منداڵییەوە باوکی کۆچی دوایی دەکات.
جەعفەری ماملێ، وەك ئەندامانی دیكەی خێزانەكەیان چەندین ساڵ خزمەتی بە ھونەری كوردی كردووە، لە تەمەنی منداڵییەوە بەو کولتوورە راهاتوون و لە قوتابخانەی باوکیان، سەعید ماملێ فێری وانەکانی گۆرانی گوتن و چڕینی قەتار و خوێندنەوەی بەستە و هەواکانی وەفایی بووە. جیا لەوەی لە کۆڕی هاوڕێیان و بنەماڵەیی دا هونەرەکەی بە شێوەیەکی نافەرمی دەردەخست، لە هەمانکاتیشدا لە هەندێک کۆڕی هونەری بەشداری کردووە و جێگای خۆی لەناو دڵی هونەردۆستان دا کردوتەوە. تا ئەوکاتەی برا گەورەی خۆی، محەمەدی ماملێ لە ژیان دا بووە، بە شێوەی فەرمی خۆی تێکەڵاوی بواری هونەر نەکردووە.
لە ساڵی 1992 زاینی لەگەڵ هەندێک لە هونەرمەندانی باشووری کوردستان، بەرهەمی (فرمێسکی شەو)ی لە شاری مەهاباد تۆمار کردووه. لە ساڵی 1995 زاینی دا، لە یادی مامۆستا (وەفایی) کە لە مەهاباد بەڕێوەچوو بەشداری کرد، کە بە وتنەوەی هۆنراوەکانی مامۆستا وەفایی و گۆرانی، پێشوازێکی زۆر بێوێنەی لێکراوە. لە ساڵی 1999 زاینی لەلایەن کۆمەڵەی کولتووری کوردی، بانگهێشت کراوە بۆ وڵاتی سوید و لە (گلوبنی شاری ستۆکهۆڵم) و دواتر لە چەند شاری تری ئەم وڵاتە کۆنسێرتی بەرێوەبردووە. هەروەها لە چەندین کۆنسێرتدا لە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی بەشدار بووە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا چەند جارێک کۆنسێرتی گێڕاوە.