كۆرۆنا په‌رله‌مانی ئێران داده‌خات
چوار تووشبووی هه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌سه‌دوڵڵا عه‌باسی رایگه‌یاند، به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی شورا ته‌واوی كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ڵپه‌سارد.
عه‌باسی وتیشی: به هۆی هه‌ڵپه‌ساردنی دانیشتنه‌كانی شووراوه، پرسی متمانه‌دان به پاڵێوراوی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ دواده‌كه‌وێت.
روونیشیكرده‌وه، حكومه‌ت پێویستی به ره‌زامه‌ندی رابه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی خامنه‌یی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ری كاتی وه‌زاره‌ته‌كه، كه واده‌ی یاسایی كاركردنی ته‌واو بووه، له كاره‌كانی به‌رده‌وام بێت.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ره‌سمی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران، چوار نوێنه‌ر تووشبوونیان به ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتڕاست كراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له نوێنه‌ری شاری قوم و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له شورا، موجته‌با زولنور و نوێنه‌ری شاری تاران، مه‌حمود سادقی رایانگه‌یاندووه، تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌ن و خۆیان له خه‌ڵك جیاكردووه‌ته‌وه.