گێچەڵی سێكسی بە سەربازە ئافرەتەكانی ئەفغانستان دەكرێت

ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتان وازیان ھێناوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/add32def-c895-4a41-a944-3e7a70ab8fd1/021520EHY.ism/manifest

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی راپرسییەكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، 7%ـی ئەو ئافرەتانەی لە ریزی ھێزە چەكداری و ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە كاردەكەن، لەلایەن فەرماندە و بەرپرسانیانەوە گێچەڵی سێكسیان پێدەكرێت.

ئافرەتانی ناو دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی ئەفغانستان رایانگەیاندووە، لەلایەن ھاوكاران و فەرماندەكانییانەوە داوای پەیوەندییان لێكراوە یان توانجێیان لێدراوە، بەشێكی دیكەشیان پرسیاری زۆر تایبەتییان لێكراوە.

ئاماژە بەوەدراو، لە كۆی دوو ھەزار و 272 ئافرەت لە ریزی ھێزەكانی ئەفغانستان پرسیاریان لێكراوە، زیاتر لە ھەزار و 860 ئافرەت بەرامبەر گێچەڵە سێكسییەكان ھیچ وەڵامێكیان نەداوەتەوە و 141 دیكەیان بەھۆی دەستدرێژییەكان دەستبەرداری كارەكانیان بوون و 65 ئافرەتیش سكاڵایان دژی گێچەڵەكان تۆمار كردووە.

كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەفغانستان راشیگەیاندووە، دوور نییە رێژەی ئەو ئافرەتانەی لە ریزی سوپا و ھێزە ئەمنییەكانەوە گێچەڵیان پێدەكرێت زیاتر بێت لەو رێژەیەی خراوەتەڕوو، چونكە بەشێك لەو ئافرەتانەی گێچەڵی سێكسیان پێكراوە بەھۆی مەترسی لەدەستدانی كارەكانیان یان دۆخی كۆمەڵایەتی ناتوانن باسی بكەن.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان راپۆرتی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لەبارەی گێچەڵی سێكسی بە ئافرەتان لە ریزی ھێزەكانیان رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، چەند حاڵەتێكی گێچەڵی بە ئافرەتانی سەرباز و ھێزە ئەمنییەكان تۆمار كراون، بەڵام لێپرسینەوە كراوە و لەمەودوا گێچەڵی بە ھیچ كەسێك ناكرێت.