ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێ له پارێزگای هه‌ولێره‌وه
فرسه‌ت سۆفی ئه‌م خاڵانه‌ی خسته‌ڕوو
K24 – هه‌ولێر:
له كۆنفرانسێكی میدیاییدا، كه لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیدا، پارێزگاری هه‌ولێر فرسه‌ت سۆفی ئه‌و خاڵانه‌ی خسته‌ڕوو، كه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌كه‌دا بڕیاریان له باره‌وه دراوه.
پارێزگاری هه‌ولێر له سه‌ره‌تای وته‌كانیدا رایگه‌یاند، هیچ قه‌یرانێكی كه‌مبوونی كه‌لوپه‌ل له بازاڕدا نییه و پێویست به نیگه‌رانی ناكات و هیچ گۆڕانكارییه‌ك له ئاستی هاورده‌ی كاڵا بۆ هه‌رێمی كوردستان رووی نه‌داوه.
دواتر پارێزگاری هه‌ولێر ده‌قی بڕیاره‌كانی خوێندنه‌وه، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه پوخته‌یانه:
یه‌كه‌م: پرسی كه‌ره‌نتین كردن و ئه‌و كه‌سانه‌ی له رێگه یاسایی و نایاساییه‌كانه‌وه هاتوونه‌ته‌وه ده‌بێت كه‌ره‌نتین بكرێن. له 1400 كه‌س زیاترن و نزیكه‌ی 500 كه‌س له كه‌ره‌نتینه‌كان ماونه‌ته‌وه.
دووه‌م: رێوشوێنی ئه‌منی و ته‌ندروستی توند له مه‌رزی حاجی ئۆمه‌ران گیراوه‌ته به‌ر.
سێیه‌م: هه‌موو كافتریا و چایخانه‌كان و شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان داده‌خرێن.
چواره‌م: هه‌موو چێشتخانه و ریستۆرانته‌كان له 14ی مانگه‌وه ته‌نیا بۆیان هه‌یه به دیلیڤه‌ری خواردن بگه‌یه‌نن.
پێنجه‌م: گۆشتفرۆش و مریشكفرۆشی كۆڵان و شوێنه گشتییه‌كان داده‌خرێن، ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی ره‌سمییان نه‌بێت.
شه‌شه‌م: رێوشوێنی پێویست له بازاڕی دۆلارفرۆشان دانراوه.
حه‌وته‌م: له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران و گرتووخانه و شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان رێوشوێنی توند ده‌گیرێته به‌ر و پرۆسه‌ی رشاندنی شوێنه گشتییه‌كانیش به دژه ڤایرۆس به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌شته‌م: ئه‌وانه‌ی زیانیان به‌رده‌كه‌وێت، داوامان له حكومه‌ت كردووه، كرێی شوێنه‌كان داشكاندنیان بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ئه‌و شوێنانه زۆر زیانیان به‌رنه‌كه‌وێت.