بەهۆی کۆرۆنا گەڵف کیستۆن پڕۆسەکانی پەرەپێدان هەڵدەپەسێرێت
گەڵف کیستۆن لە بەرهەمهێنانی نەوت لە شێخان بەردەوامه
K24 - ھەولێر
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆڵیۆم، کە لە کێڵگەی شێخان کاردەکات رایگەیاند، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەکانی پەرەپێدان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەگرن.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان نزیکەی 38 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیە و پڕۆسەی بەرهەمهێنان وەک خۆی بەردەوام دەبێت، بەڵام وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی چالاکییەکانی پەیوەست بە فراوانکردنی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەگرن، تاوەکو دۆخی جیهان ئاسایی دەبێتەوە.
جۆن فێرییە، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن دەڵێت، دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ دەکەن و ناوچەکانی دەوروبەریان ئەولەویەتی کارەکانیانە و پێویستە دڵنیابن لە بوونی کەسانی گونجاو بۆ بەردەوامی کارەکانیان.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ دۆخی ئێستا وا دەخوازێت پڕۆسەکانی هەڵکەندن و فراوانکردن دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان هەڵپەسێرن".