لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی دەدات
"مەترسییەكە بەمشێوەیە نییە كە باسی لێوە دەكرێت"
K24 - ھەولێر
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی دەدات، كە سەرەڕای داڕمانی نرخی نەوت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابین دەكرێت.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی دابینکرنی مووچە دڵنیای دەدات و رایگەیاند، سەرەڕای داڕمانی نرخی نەوت توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان هەیە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشدا، توانای دانەوهی قەرز و دابینکردنی مووچەیان هەیە.
گوتیشی: "راستە هەندێک مەترسی هەیە، بهڵام بەمشێوەیە نییە كە باسی لێوە دەكرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، نرخی نەوت لەم ئاستەدا نامێنێتەوە و پێشبینی ناکات زۆر بەرز بێتەوە، بەڵام بەشی دابینکردنی بودجەی پێویست دەکات.
عەلاق روونیشیکردەوە، و تاوەکو ئێستا بەرپرسان بە چڕی چاوخشاندنەوە بە پڕۆژە بودجەی 2020 دەکەن، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە بودجەکانی وڵات لە مێژوودا و قەبارەکەی 164 ترلیۆن دینارە.
جەختیشی کردووە، کە نرخی نەوت لەو ئاستەدا نامێنێتەوە.