رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ توندتر ده‌كرێن

لە ھەولێر نزیكەی 800 شوفێر سزادراون

K24 - ھەولێر


رێکارەکانی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان توندتر دەکرێن، تەنها لە رۆژی هەینی رابردوو لە شاری هەولێر 794 شوفێر سزا دراون، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی هاتووچۆ. گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسینەکان دەڵێت "قەدەغەی هاتووچۆ سەرکەوتوو بووە بۆ رووبەڕووبوەنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

لیوا بەهجەت سێلکی، ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر، بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەھاوكاری ھەموو لایەك توانیومانە تاڕادەیەكی باش خەڵكی ھەولێر لە كۆرۆنا بپارێزین".

گوتیشی: "ئەو بڕیارانەی لە حكومەت دەردەچن بۆ سەلامەتی ھاووڵاتییانە، بۆیە پێویستە پابەندی بن".

پەیوەست بەو بابەتە هێمن قادر، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێردەڵێ: "نزیكەی 20 رۆژە رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، لە ھەولێر دەستیپێكردووە، وەك داخستنی قوتابخانە و مزگەوت و راگرتنی پرسە و كافتریا و شوێنەكانی دیكە، ئەنجامی باشی ھەبووە، لە رووی تەندروستییەوە".

ئاشكراشی كرد: "تائێستا 14 ئۆتۆمبێل لە ھەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە، كە ھیچ بەڵگەنامە و مۆڵەتی شوفێریان پێنەبووە، ھەروەھا دوو ماتۆڕسكیل دەستیان بەسەردا گییراوە".