قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ به‌ قازانجی ژینگه‌ شكاوه‌ته‌وه‌

رۆژانه‌ نزیكه‌ی ھەشت ملیۆن لیتر به‌نزین ده‌سووتێندرێت

K24 - ھەولێر

قەدەغەی ھاتووچۆ جگە لەوەی بووەتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو بن، لەھەمانكاتیشدا ھۆكارێكە بۆ پاكبوونەوەی ژینگە. بەپێی دوایین ئامار رۆژانە نزیكەی 8 ملیۆن لیتر بەنزین لە ھەرێمی كوردستان دەسوتێندرێت، بۆیە دەستەی ژینگە لە ھەوڵدایە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە، پڕۆژە یاسایەك پێشكەش بە لایەنی پەیوەندیدار بكات، ساڵانە رۆژێك تا دوو رۆژ قەدەغەی ھاتووچۆ رابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی ژینگەی ھەرێمی كوردستان پاكبێتەوە.

قەدەغەی ھاتووچۆ ئاھێكی ھێنایەوە بەر ژینگە و لە ھەوای پیسی چەند ساڵە رزگاری كرد. ھەفتەیەك زیاترە كارگەكان وەستاون، ژمارەی ئۆتۆمێلەكان بەشێوەیەكی یەكجار زۆر كەمبوونەتەوە، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە داھاتوودا كار لەسەر ئەوە دەكەن، ساڵانە رۆژێك یان دوو رۆژ، قەدەغەی ھاتووچۆ رابگەیەندرێت، تا ژینگە لە ھەوای پیس پاكبێتەوە.

یادەكانی ئادار و نەورۆز، كە دەكەونە ئەم مانگەوە، ژینگە دۆستان وەك مانگی ئەنفالكردنی ژینگەی ھەرێمی كوردستان وێنای دەكەن، چونكە بەشێكی خەڵك لەكاتی گەشت و سەیراندا، پاشماوەی خواردن و خواردنەوەكانیان لە شوێنە گەشتیارییەكان بە بەجێدێڵن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی كۆرۆنا و قەدەغەی ھاتووچۆ، خەڵكێكی زۆر لە ماڵەوە ماونەتەوە، كە پسپۆڕانی ژینگە بە دەرفەتی نوێبوونەوەی ژینگەی دەزانن.

بەگوێرەی دوایین ئامار، رۆژانە لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی 8 ملیۆن لیتر بەنزین دەسوتێنرێت، جگە لەوەی بە ھەزاران كارگەی پیشەسازی كار دەكەن، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە دروست دەكات، ئاژانسی ناساش بڵاوی كردوەتەوە، بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆ و وەستانی كارگەكان لە تەواوی جیھان، سەتا 47ی گۆی زەوی لە ھەوای پیس پاك بووەتەوە.