دوو هاوژین لە ئەمەریکا دەرمانی دژە کۆرۆنا دەخۆن و تووشی کارەسات دەبن

کلۆرۆکوینیان وەرگرتووە

K24- هەولێر:

سایتی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، لە ئەریزۆنای ئەمەریکا، ژن و مێردێک، بێ پرسی پزیشک، دەرمانی کلۆرۆکوین فۆسفاتیان خواردووە، دواتر پیاوەکە مردووە و ژنەکەش دۆخەکەی مەترسیدارە.

کلۆرۆکوین لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکا وەک چارەسەری کۆرۆنا وەسفکراوە و پێشتر بۆ چارەسەری مەلاریا بەکارهاتووە.

نەخۆشخانەی بانەر لە ئاریزۆنا بڵاویکردەوە، ئەو دەرمانە لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئێف دی ئەی ئەمەریکی، وەک چارەسەری کۆرۆنا دانەنراوە و نابێت هیچ کەسێک لە خۆڕا ئەو دەرمانە بخوا.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، هایردۆکسیکلۆرۆکوین و ئازیسرۆمیسینی وەک دژە کۆرۆنا ناساندبوو، بەڵام پزیشکان داوا دەکەن پەلە نەکرێت لەوە و دەبێت توێژینەوە ئەنجام بدەرێت

هەروەها لە وڵاتی نایجیریا، سێ کەس بەهۆی قسەکانی ترەمپ، دەستیان بە وەرگرتنی ئەو دەرمانە کردووە، ئێستا هەر سێکیان لە نەخۆشخانەن.

پزیشکان دەڵێن، دەبێت ئەو دەرمانە بدرێت بەو کەسانەی لەژێر چارەسەردان و پزیشکان بەو کارە هەستن، نەوەک ئەوەی خەڵک لە ماڵەوە دەرمانەکە بەکاربهێنێت، دووپاتیشدەکەنەوە، هێشتا نەسەلمێنراوە ئەو دەرمانە بە سوودە بۆ کۆرۆنا.