چۆن سابوون و کحول بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەکوژن؟
بەردەوام بە لە دەستشۆردن
K24- هەولێر:
کاتێک لە ژێر مایکرۆسکۆپ تەماشای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەیت جۆرێک لە چین دەبینیت کە هاوشێوەی تاجێکە و بە دەوری ڤایرۆسەکەوەیە، لە ژێر ئەو چینە، چەوری هەیە.
بیهێنە پێش چاوی خۆت ڤایرۆسی کۆرۆنا هاشێوەی قاپێکی چەورە، کاتێک بەتەنها بە ئاو دەیشۆیت، چەورییەکە لاناچێت، بەڵام کاتێک بە سابوون یان ئەلکحول دەیشۆیت، چەورییەکە لا دەبات.
ئەمە جۆرە لابردنی چەورییەش، ڤایرۆسەکە ناچالاک دەکات و ناتوانێت کەسەکە تووشی هیچ نەخۆشییەک بکات، بەڵام دەبێت دڵنیابین لەوەی بۆ ماوەی 20 چرکە دەستەکانمان بە سابوون و ئاوی گەرم بشۆین تا دەستمان تەواو خاوێن ببێتەوە.
لە راستیدا ئەمجۆرە دەستشوشتنە تەنها کۆرۆنا ناکوژێت، بەڵکو هەموو ئەو ڤایرۆس و بەکتریایانەی تریش دەکوژێت کە دەبنەهۆی هەڵامەت و نەخۆشی کوشندەش، بەتایبەت ئەنفلەوەنزا کە ساڵانە ملیۆنەها کەس دەکوژێت.
د. جۆن ویلیماز، سەرۆکی بەشی نەخۆشە گوێزەرەوەکان لە زانکۆی پیتسبۆرگ دەڵێت، سابوون و کەف لە وردە گەرد پێکهاتوون کە هاوشێوەی سپێرمی زۆر بچووکن و خاوەنی سەر و کلکن. سەری ئەو خانانە لەگەڵ ئاودا یەکدەگرن، بەڵام کلکیان زیاتر حەز بە رۆن و چەوری دەکەن، بۆیە کاتێک لە ئاوەکە هەڵدێن، دەچنە ناو چەوری ڤایرۆسەکە و دەیکەن بە دوو بەشەوە.
دەشڵێت، دروستکردنی کەف بە دەستەکانت سوودی زیاترە چونکە رێگری لە بۆندی کیمیایی بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەکات.
لەبارەی بەکارهێنانی ئاوی ساردیش، دەڵێت، ئەوەش هەر دەبێت، بەڵام دەبێت هەوڵی تەواو بدەیت کە کەف و بڵقی زۆر دروست بکەیت جوان دەستەکانت لەیەک بخشێنی و کەمێک زیاتر بە کەفەکە بە دەستەوە بمێنێتەوە
پاککەرەوە کحولییەکان
ئەو پزیشکە دەڵێت، کحول بەربەستەکانی ڤایرۆس و بەکتریاکان دەشکێنێت و لەناویان دەبات، بەڵام دەبێت کحولەکە راستەوخۆ بەر ڤایرۆسەکە بکەوێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر کەسێک بەسەر دەستەکانی پژمی، دەبێت کحولێکی زیاتر بەکاربهێنێت کە هەموو دەستی بگرێتەوە.
ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت، ئەوە راستیە ئەو هەموو دەست شووشتنە، بێزاری کردوون و رەنگە ببێتە هۆی ووشکبوونی پێست، بەڵام بەم کارە سوودێکی زۆر دەکەن و خۆتان لە چەندین نەخۆشی کوشندە دەپارێزن.
CNN