براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ داوا لە خەڵک دەکات ئەوەندە نەترسن
کۆتایی ژیان نییە
K24- هەولێر:
میکایل لێڤیت، براوەی خەڵاتی نۆبڵ و بایۆفیزسیت، لە مانگی یەکی ئەمساڵ، پێشبینی ئەوەی کرد کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کارێکی زۆر خراپ بەسەر چیندا دەهێنێت، ئێستا ئەو هەمان بۆچوونی سەربارەت بە ئەمەریکا هەیە.
لێڤیت جیاواز لە زۆربەی پزیشکەکان بیر دەکاتەوە، پێی وانییە کۆرۆنا دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنەها کەس و دوورکەوتنەوەی تەواوی کۆمەڵایەتی.
ئەو دەڵێت، ئێمە دەبێت ترسە زۆرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، دواتر باش دەبین.
دەشڵێت، بیر لە ئۆتۆمبێلێک بکەنەوە کاتێک بەسەر رێگایەکی خێرا دەڕوات، ئەگەرچی ئەو ئۆتۆمبێلە خێرایی هەر زیاد دەکات، بەڵام رێژەی زیادبوونی خێراییەکی وەک یەکەم جار نییە.
لێڤیت پێی وایە رۆژ دوای رۆژ، رێژەی مردن بەڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر دەکات و هێواش دەبێتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی شوبات، بە رۆژنامەی چاینا دەیلی گووت، لە چین نزیکەی 80 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و سێ هەزار و 250 کەسیش دەمرن.
ئەم پێشبینییەی لێڤیت زۆر راستبوو، تاوەکو 16ـی ئەم مانگە 89 هەزار و 298 حاڵەت و سێ هەزار و 245 مردن لە چین هەبوو.
لێڤیت کە لە ساڵی 2013 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری کیمیا بردووەتەوە دەڵێت، هەموو نەتەوەکانی دیکەش هەروا دەبن، لە شوێنێک ژمارەکان کەم دەکەن، تەنانەت ئەوانەشی وەکو چین رێکاری تووند ناگرنەبەر.
ئەو زۆر بە دوای ژمارەکان دەکەوێت و زیاتر تیشک دەخاتە سەر تۆمارکردنی حاڵەتی نوێ، دووپاتیدەکاتەوە، ژمارەکان هێشتا ئاڵۆزن، بەڵام نیشانەی ئەوە هەیە کە لە هێواشبوونەوەدان.
ئەو زانایە پێی وایە، هەر کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، ئەگەری مردنی دوو هێند زیاد دەکات، ئەو کەسانەی کە ئەگەری مردن تیایاندا کەمە، مەترسیان لەسەر نابێت.
لەگەڵ ئەوەش، هۆشداریی دەدات دەڵێت، مرۆڤ هێشتا بەرگری بۆ ڤایرۆسە نییە، من هەر لەگەڵ رێکاری تووند و دوورکەوتنەوەم، ئێستا کاتی ئەوە نییە بچیتە دەرەوە و لەگەڵ هاوڕێکانت شتێک بخۆیتەوە.
لێڤی دەڵێت، من لەگەڵ ئەو گەورەکردنە نیم، چونکە داخستنی شوێنی کار زیانی زۆرە، زۆر کەس دووچاری نا ئومێدی و بێ کاریی و هەژاریی دەکات، تەنانەت رێژەی خۆکوشتن زیاد دەکات، ئەم پەتایەش ئەوندەش جیاواز نییە کە بەو جۆرە ژیان بوەستێت، تەنها رێکری پێویست بگیرێتەبەر بەسە.
ئاماژە بەوە دەکات، ڤایرۆسەکە تەنها ئەو کاتە تەشەنە دەکات کە دەستنیشان ناکرێت و کەس ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، بۆیە ئەوانەی دەڵێن ڤایرۆسەکەیان هەیە و خۆیان قسە دەکەن، پاڵەوانن.
لێڤی دەڵێت ، چارەسەر ئەوەیە کار بۆ ئەوە بکرێت، لە زووترین کات کەسەکان دەستنیشان بکرێن و پشکنینەکان خێراتر بکرێن، واتە زوو کەسەکە بزانێت تووشبووە.
LA Times