بەشیر حەداد: زۆر نالۆژیكییە بڵێن بەغدا پارەی دوو مانگی ناردووە
"ئێستا بەغدا خۆی پێویستی بە ھاوكارییە"
K24 - ھەولێر
جێگری پەرلەمانی عێراق، رەتیدەكاتەوە لەم مانگەدا بەغدا پارەی دوو مانگی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستانی رەوانە كردبێت و رایدەگەیەنێت "ئەم قسەیە دوورە لە راستییەوە و زۆر نالۆژیكییە".
لەبارەی دەنگۆی ھەندێك پەرلەمانتار كە گوتویانە "لەم مانگەدا بەغدا پارەی دوو مانگی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ ھەرێمی كوردستان ناردووە"، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەم قسەیە دوورە لە راستییەوە و زۆر نالۆژیكییە، ئێستا لە بەغدا تا مووچەی مانگێك دابین دەكەن زۆری پێدەچێت، چۆن پارەی دوومانگ بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكات. لە ھیچ كاتێكدا حكومەتی عێراق ئامادەنییە دوو مووچە بنێرێت".
گوتیشی: "ئێستا عێراق بەخۆی پێویستی بە ھاوكاریكردنە، یەدەگ بەكاردێنێ بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، چۆن دەتوانێت لە مانێگێكدا پارەی دوومانگ بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆیە ئەم قسەیە زۆر نالۆژیكییە".
سەبارەت بە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەشیر حەداد، ئاشكراشی كرد: "بڕیارە عەدنان زورفی، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەوەی لەگەڵ سەركردایەتی ھەرێم گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكومەت بكەن، ھاوكات باس لە كارنامەكەی دەكات".