ئەو شتانەی تاکو ئێستا لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا نەکراون

چین ئەو شتانەی تاکو ئێستا لە بارەی ڤایرۆسەکە ئاشکرا نەکراون

K24- هەولێر:

لەگەڵ زیاتر بوونی توێژینەوەی و گرتنەوەی وڵاتی زیاتر و باسکردنی لە میدیاکانی جیهان، تاکو هەندێک پرسیار لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ وەڵام ماونەتەوە:

_ تاوەکو ئێستا نازانرێت چەند کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، چونکە زۆر کەس ڤایرۆسەکەیان هەیە و خۆشیان هەستیان پێنەکردووە، یاخود لە لایەن دەزگا فەرمییەکان تۆمار نەکراوە.

_ تاوەکو ئێستا نازانرێت ڤایرۆسەکە چەند کوشندەیە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەگەری مردنی 1٪ـە هەندێکی دیکەش باس لە زیاتر دەکەن، بەڵام ئەمە بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.

_ تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە، کە هەموو نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا چین، چونکە لە هەندێک شوێن سکچوون و سەرئێشەی تووندی لەگەڵ بووە.

_ ئەوە ئاشکرا نەکراوە، منداڵێکی تووشبوو، تا چ ئاستێک دەتوانێت دەوروبەرەکەی تووش بکات.

_ هەروەها ئەوەی ڤایرۆسەکە لە کوێ هاتووە و سەرچاوەکەی چییە، نەدۆزراوەتەوە. وا زانراوە کە ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام تاکو ئێستا نازانرێت ئەو ڤایرۆسە چۆن گوازراوەتەوە، یان رەنگە ئاژەڵێک لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤی گواستبێتەوە.

_ بەشێوەیەکی گشتی، هەڵامەت لە وەرزی گەرما کەمتر دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت، کۆرۆنا لە هاوین و پلەی گەرمی زۆر، چی بەسەر دێت.

_ تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە بۆچی هەندێک کەس زۆر بە تووندی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن.

_ ئەوەش ئاشکرا نەکراوە، ئایا مرۆڤ دووجار تووشی هەمان ڤایرۆس دەبێت.

_ هەروەها ئەوەش نەدۆزراوەتەوە، ئاخۆ ڤایرۆسەکە بە تێپەڕبوونی کات جۆر و چۆنیەتیی دەگۆڕێت.

BBC