کۆرۆنا کرێکارە ئێرانییەکانی بێکار دەكات

تەنھا لە دوو پارێزگا نزیكەی 8 ھەزار كرێكار رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە

K24 - ھەولێر

بەھۆی تەشەنەسەندنی كۆرۆنا لە ئێران، ژمارەیەكی زۆری كرێكار رەوانەی ماڵەوە دەكرێن و زیانی گەورە بەر ئابووری وڵاتەكە دەكەوێت.

بەگوێرەی راپۆرتێكی وەزارەتی ھەماھەنگی و كار لە ئێران، خێرا ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا لە ئێران بووەتە ھۆكار، كە نزیكەی 8 ھەزار كەس لە ھەردوو پارێزگای تاران و لۆڕستان رەوانەی ماڵەوە بكرێن و بەو جۆرەش ژمارەی بێكاران لەو دوو پارێزگایە دەگاتە نزیكەی 8 ھەزار و 400 بێكار.

وەزارەتەكە رایگەیاندووە، بەھۆی داخستنی یەكەكانی بەرھەمھێنان ، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 7 ھەزار كەس  داواكاری خۆیان تۆماركردووە بۆ ئەوەی ھاوكاری داراییان بكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو قەیرانەی بەھۆی كۆرۆناوە دروستبووە و گرتنەبەری رێوشوێنی تووند لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە، جووڵەی ئابووری لەناوخۆ بە تەواوی ئیفلیج كردووە.