پشکنینی 80 كەس لە خەلیفان نێگەتیڤ دەرچوو
رێوشوێنەكانی كەرەنتین لە خەلیفان بەردەوام دەبێت
K24 - ھەولێر
لە ناحیەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆران، پشكنین بۆ 80 كەس كراوە، ھیچ كام لەو كەسانە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین.
کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان بە کوردستان24ی راگەیاند، دوێنێ نزیکەی 80 پشکنینی کۆرۆنا بۆ کەسوکاری تووشبووەکە کراوە و خۆشبەختانە هیچ کەسێکیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوون، ئەو کەسەشی کە ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی راگەیاندراوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کەسوکاری تووشبووەکەیە و لە هەولێر دادەنیشێت نەک خەلیفان.
بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان دووپاتی کردەوە، کە رێکارەکانی کەرەنتینکردن لە خەلیفان بەردەوام دەبن و نابێت هاووڵاتییان هیچ بەرکەوتنێک لەنێوانیان هەبێت.