گهنجێك دهستی دهچێته خوێنی دایك و باوك و سێ برای... پۆلیسیش چاوهڕێیه
لێكۆڵینهوه له كهیسهكه بهردهوامه
K24 - ههولێر:
کاتژمێر 9ی، شەوی 20/3/2020 لە گەڕەکی مامۆستایانی شاری سلێمانی، گهنجێك تەقە له باوک و دایکی و سێ برای دەکات لە ئاکامیشدا دایکی و سێ برای گیان لە دەست دەدەن، باوکیشی دوای چەند رۆژێک مانەوە کاژمێر ٩ی بەیانی رۆژی 2020/3/25، بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدا.
لە رووداوی تەقە کردنەکە، سەبیحە قادر 66 ساڵ، ئەیوب محهمهد تەمەن 44 ساڵ خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، داود محهمهد تەمەن 34 ساڵ و خاوەن سێ منداڵ، دانا محهمهد تەمەن 30 ساڵ باوکی سێ منداڵ، بە دەستی (ت) کوژران. دواتریش محهمهد ئەحمەدی تەمەن 67 ساڵ، بە هۆی سەختی برینەکەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
رووداوی کوژرانی دایک و باوك و 3 کوڕ به دهستی یهكێك له كوڕهكان، لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆی هێناو هەر کەسێك و بە جۆرێک باسی رووداوکەی کرد.
کوردستان 24 بەدواداچوونی بۆ راستی رووداوکە کرد، فەلاح حەسەن ئامۆزای کوژراوەکانە و برازای محهمهده، باسی ژیانی "تاوانبارەکەی" بۆ کوردستان 24 کرد و گوتی: "ت. محهمهدی ئامۆزام ساڵی 2016، دوای چەند ساڵێک ژیان لە ئەڵمانیا بریاریدا بگەڕێتەوه کوردستان، کەسوکارەکەی زۆریان لەگەڵ هەوڵدا بۆ ئەوی نەگەڕێتەوە تا داهاتووی خۆی لەوێ دروست بکات، بەڵام رازی نەبوو گەڕایەوە سلێمانی، لەو کاتەوە تا رۆژی رووداوەکە لە سلێمانی لەگەڵ کەسوکارەکەی دەژیا".
فەلاح گوتیشی: "دوای ئەوەی ئامۆزاکەم گەڕایەوە سلێمانی کارێكی دۆزییەوە، بەڵام زوو وازی لە کارەکەی هێناو بەدڵی نەبوو، لە ماوەی ئەم چهند ساڵە، زیاتر لە چەند کارێکی گۆڕی هیچی بە دڵ نەبوو، کۆتا جار لە کۆمپانیایەك کاری پاسەوانی کرد گوتی زۆرم بە دڵە. تا ئەو رۆژەی ئهنجامدا کرد هەر لەو کۆمپانیایە بوو".
کێشەی زۆری دروستدەکرد
به گوێرهی گوتهی كهسوكارهكهی، (ت) كێشهی زۆری بۆ خێزانهكهی درووست كردووه و ههرجارێك بیانووی به شتێك گرتووه.
فەلاح دهڵێت: "ئامۆزایەکەم لە ماڵەوە کێشەی زۆری دروستدەکرد بێ هۆکار چەند جارێك لە ماڵەوه شتێکی بە دڵ نەبووایە کێشەی دروستدەکرد، من چەند جارێک خۆم رۆیشتووم هێناومەتە ماڵی خۆم زیاتر لە 3 شەو لای خۆم دامناوە تا هێمن ببێتە و دواتر گەڕاوەتەوە ماڵەوە".
رووداوهكه چۆن روویدا
بهیانی ئهو رۆژهی تاوانهكهی تێدا ئهنجامدرا، (ت) به براكانی دهڵێت: "کێشەیەکم هەیە ئێوارە وەرن بۆ ماڵی باوکم بۆم چارەسەر کەن".
(ت) بەیانیەکەی لە خەو بە ئاگا هات دوای ئەوەی لەگەڵ ماڵەوه نانی بەیانی خواردبوو پەیوەندی بە برایەکانی کردوو داوای لێکردن بێنە ماڵیان کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەن، ئەوان زۆر هەوڵیاندا بزانن کێشەی برایەکیان چیە، بەڵام (ت) پێیگوتن کە هاتن دەزانن.
وهك ئامۆزاكهشی باسی دهكات، پێش ئەوەی براکانی بچن بۆ ماڵیان تەکسیەك چەکەکەی بۆ بردووهتە پێش دەرگای ماڵیان، كه له پشت مزگهوتی قازی محهمهد له سلێمانی.
وەک فەلاح گوتی: "(ت) خۆی بۆ شەڕ ئامادە کردبوو، خوشکە بچوکەکەی کە لە ماڵەوەی گوێی لە دەنگی برایەکەی بووە، کە گوتویەتی کاتژمێر ئەوەندە شتەکە بگاتە دەستم، دیارە مەبەستی چەکەکە بووە".
شەو هەموو برایەکانی لە ماڵی باوکی کۆدهبنەوه بۆ ئەوەی بزانن کێشەکەی (ت)، چییە، بەڵام ئەو پێیاندەڵێت نا کێشەم نیە کێشەکەم زۆر گەورە نییە".
فەلاح باس لهو ساته دهكات، كه براكانی له ماڵی باوكیان كۆبوونهتهوه بۆ ئهوهی كێشهی (ت) چارهسهر بكهن، كاتێك برایەکەیان دەپرسن کێشەت چیە؟ ئەویش دەڵێت کێشەم نییە وەرن لە حەوشەکە کۆبینیەوە".
وهك فهلاح باسی دهكات، دوای ئهوهی دهچنه "ئەیوب کە لە هەمووان گەورەترە، به (ت)ی گوتووه من دەچمە دهستشۆر و دەگەڕێمەوه، لهوكاتهدا (ت) بەدوای دادەچێت چەکەکەی لە پشت دەرگا دەردەهێنێت لە حەوشەی ماڵەوه تەقە لە ئەیوب دەکات برینداری دەکات.
دوای ئەوەی سەبیحەی دایكیان گوێی لە دەنگی تەقە دەبێت دەچێتە دەرەوە، (ت) تەقە لە دایکیشی دەکات ئەویش دەکوژێت، کاتێک دانا ئەو شتە دەبینیت، بە پەلە رادەکات هەوڵدەدات دەمانچەکە لە دەستی براکەی دەربهێنێت، دەستی بە دەمانچەکە دەکەوێت، بههۆی ئهوهی هێشتا گهرمه گەرمە بەری دەدات، دواتر (ت) تەقە لە داناش دەکات ئەویش دەکوژێت.
فەلاح گوتیشی: "دوای ئەوە داود دێتە دەرەوە تەقە لەویش دەکات، کۆتا کەسیش تەقە لە باوکی دەکات و برینداری دەکات".
ئەیوب هاوار دەکات، بەس ئیدی بەرگە ناگرم دووبارە (ت) گوللـەیەک لەسەری دەدات تا دڵنیا بێتەو ئەویش مردووە.
ناتکوژم بۆ ئەوەی بە خەم بمریت
به گوێرهی گێڕانهوهكان، خوشکە بچوکەکەی (ت) کاتێک دەبینێت هەموویان کوژراون، دەڵێت: "کاکە هەمووانت کوشت منیش بکوژە توخوا"، بەڵام بۆ ئەوەی خوشکەکەی خەمبخوات نایکوژێت.
كێشهی راستهقینه و دهنگۆی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان
ئایا (ت) نەخۆشی دەروونی هەبوو یاخود کێشەکە لەسەر زەوی و ژن هێنان بوو، فەلاح وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسکران و گوتی: "نەخێر بەهیچ شێوەیەك ئەو شتانەی لەسەر ئەو کوڕە باسکراون کە دەڵێن نەخۆش بووە یاخود لەسەر زەوی بووە، یان ژنیان بۆ نەهێناوە وا نییە، ئەگەر مەسەلەکە ژن هێنان بوایە زۆر ئاسان بوو، بەڵام ئەو خۆی مهبهستی نهبووه".
هۆکاری تەقە کردنەکە چیبوو؟
فەلاح گوتیشی: "(ت) کەسێکی زۆر تووڕە بوو زوو ههڵدهچوو، بۆیە ئەو کارەیکردووه، ئەگەرنا ئەو رۆژە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ماڵەوە نەبوو، ناشزانین چی وای لێکردووە دەستی بچێتە گیانی دایک و باوكی و براکانی".
فەلاح ئاماژەی بەوەشکر خوشکەکانی و برایە بچووکەی دەڵێن ئێمە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەین،بۆ ئەوەی سزای یاسای خۆی وەرگرێت.
پۆلیس چاوهڕێیه
سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند "دوای ئەوی تاوانبارەکە لەگەڵ پۆلیس رووبەروو بووەوه توانیان بە برینداری دەستگیری بکەن.
سهركهوت ئهحمهد دهڵێت: "ئێمە ئیفادەی خوشکەکەیمان وەرگرتووه، بەڵام ئەویش نازانێت هۆکاری رووداوەکە چییە، چاوهڕێ دەکەین تاوانبارکە چاکبێتەوە بۆ ئەوهی ئیفادەی لێوەرگرین هۆکاری راستهقینهی رووداوەکە بزانین".