توێژینەوەیەک زانیاری نوێ لەبارەی هۆکاری زۆر بڵابوونەوەی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

"ئەو رێنماییانەی بە خەڵک دراو بەسەرچوون"

K24 – هه‌ولێر:

تاکو ئێستا، پزیشکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی وا رێنمایی خەڵک دەکەن کە یەک مەتر و نیو بۆ دوو مەتر نێوانی لەگەڵ کەسی بەرامبەردا هەبێت کاتێک دەچێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسی بەرامبەری ڤایرۆسی کۆرۆنای هەبوو، ئەم تووشنەبێت، بەڵام پرۆفیسۆرێکی ئەمەریکی وا ناڵێت.

لیدیا بۆورویبا، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە پەیمانگای ماساچووسیتس  بۆ لێکۆڵینەوە لە دینامیکیەتی کۆکە و پژمین دەڵێت، ئەو رێنماییانەی ئێستا بە خەڵک دەوترێن، بەسەرچوون و مێژووەکەیان بۆ ساڵی 1930 دەگەڕێتەوە.

لیدیا توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی، لە کاتی پژین، ئەو قەترانەی لە دەم دەردەچن، حەوت بۆ هەشت مەتر دەڕۆن.

ئەو پزیشکە توێژینەوەکەی لە گۆڤاری یەکێتی پزیشکانیی ئەمەریکا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، ئەو قەترە وردانە دەکرێت بۆ چەندەها کاتژمێر لە هەوادا بمێننەوە و ئەو شوێنانەش پیس بکەن کە دەچنە سەری.

ئاماژە بەوەش دەکات، لە راپۆرتێکی چین هاتووە، ڤایرۆسەکان لە هەوای ناو ژووری نەخۆشخانەکان بەدیکراون.

هۆشداریی دەدات، ئەو رێنماییانەی ئێستا هەن، لە مەترسی زوو بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکەیان کەمکردووەتەوە.

NewYork Post