بڕیاری نوێ لەبارەی ھاوردەكردنی خۆراك و بەرھەمی كشتوكاڵی دەدرێت

چەند مەرجێك دیار دەكرێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی كوردستان بڕیاری تایبەت بە ھاوردەكردنی خۆراك و بەرھەمی كشتوكاڵی لە دەروازە سنوورییەكان دەردەكات.

 كەمال موسلیم ، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كەرەستەی خۆراك و پێداویستی كشتووكاڵی كە لە خاڵە سنوورییەكانی ھەرێم ھاوردە دەكرێن، كە لە مۆڵەتی ھاوردە لە ماوەی قەدەغەكردنی ھاتووچۆ دەبەخشرێن، بە مەرجێك كە كۆمپانیاكان ناسنامەی بازرگانی تازەكراویان ھەبێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی ھەرێم، بڕی رسوماتی كرێی خزمەتگوزاری لە خاڵە گومرگییەكان وەربگیرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەبارەت بە بەرھەمە كشتوكاڵییەكان كە پێویستی بە رێگەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی ھەیە، پێویستە رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ و لیژنەی ئابووری پارێزگا بەدەستبھێنێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، مەبەستی لەم ئاسانكارییەش، زیادكردنی كاڵای سەرەكییە لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان و كۆنتڕۆڵكردنی جۆر و كوالێتی و نرخ و ھەروەھا ماوەی بەسەرچوون و سەلامەتی كۆگاكردنە لەلایەن لیژنە ھاوبەشەكانی یەكە ئیدارییەكان و چاودێری بازرگانی و ئاسایشی خۆراك و چاودێری تەندروستی.