وەزیری تەندروستی: رۆژانە پشكنین بۆ 700 كەس دەكرێت
نیشانەی تووشبووەكان لە ھەرێمی كوردستان مەترسیدار نین
K24 - ھەولێر
وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت، رۆژانە لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان پشكنین بۆ 700 كەس دەكرێت و تائێستا پشكنینی 190 كەس پۆزەتیڤ بووە و ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "رۆژانە لە ھەرێمی كوردستان پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ 700 كەس دەكرێت".
راشیگەیاند: "لە كۆی ئەو كەسانەی پشكنینیان بۆ گومان لێكراوان كراوە، تائێستا 190 حاڵەتی پۆزەتیڤ ھەبووە و دوو گیان لەدەستدان ھەبووە، ئەو كەسانەی راستە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام نەخۆشی دیكەی درێژخایەن و كوشندەیان ھەبوو".
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد: "تائێستا 61 كەس بە تەواوی چاكبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەكانیان، تێستی كۆتایی بۆ چەند كەسێكی دیكە كراوە، رەنگە لەم دوو رۆژەدا رەوانەی ماڵەوە بكرێنەوە".
ئاشكراشی كرد: "كە نیشانەی زۆربەی تووشبووان لە ھەرێمی كوردستان مەترسیدار نییە و باری تەندروستییان جێگیرە، حاڵەتەكانی ئەم دواییە بەركەوتەی بەركەوتەكانن، بۆیە دەبێ ھەمووو ھەوڵێك بدەین تا یەك تووشبوو لە ھەرێمی كوردستان مابێت بیدۆزینەوە، بۆ ئەمەش پشتیوانی ھاووڵاتییان زۆر گرنگە".