کۆرۆنا کێشە دەخاتە نێوان ئەردۆغان و کرێکاران

سەندیكای كرێكارانی توركیا تانە لە بڕیارەكانی ئەردۆغان دەدات

K24 - ھەولێر

لێكەوتە نەرێنیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بووەتە ھۆكار كە كرێكاران لە توركیا تانە لە بڕیارەكانی ئەردۆغان بدەن.

سەندیكای كرێكارانی توركیا لە راگەیەندراوێکدا جارێكی دیكە تانە لە بڕیارەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دەدەن، بەو پێییەی كە لەم دۆخەدا پاڵپشتیی خۆی بۆ كرێكاران دەرنەبڕیوە.

سەندیكای كرێكاران، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و دەستەكانی مافی مرۆڤ لە توركیا، لە رێگەی راگەیەندراوێکی ھاوبەش داوایان لە ئەردۆغان كرد، پاڵپشتی داراییان پێشکەش بكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە ھاوكاری كرێكارەكان بكەن ئەوانەی كە بەھۆی كۆرۆناوە زیانیان بەركەوتووە، هەروەها داوایان كرد، كرێكاران لەلایەن كۆمپانیا و دامەزراوە جۆراوجۆرەكانەوە لە كارەكانیان دوورنەخرێنەوە.

جەختیشیان كردەوە، كە پێویستە لەم دۆخەدا دەسەڵاتی ئەردۆغان سندووقی بێكاری كارا بكات، بۆ ئەوەی سوود لەو بڕە پارەیە وەرگیرێت بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی كۆرۆنا.